ڕۆمانی (دڵێكی وا سپی)، شاكاری نووسەری ئیسپانی خابیێر مارییاس؛ یەكێك لە نووسەرە مەزنەكانی جیهان، كە لە لایەن ئارام ڕەشید كراوە بە كوردی و ناوەندی ڕۆشنبیری ڕەهەند لە حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب، بڵاوی دەكاتەوە
ڕۆمانی دڵێكی وا سپی یەكەمین بەرهەمی نووسەری ئیسپانی خابیێر مارییاس-ە كە بە زمانی كوردی چاپ و بڵاو دەبێتەوە، ڕۆمانەكە لە ساڵی 1992 بڵاوكراوەتەوە و لە ساڵی 1997 خەڵاتی نێودەوڵەتی `دەبڵن ئیمپاك`ی پێ بەخشراوە.
لە بارەی ناوەرۆكی ڕۆمانەكەوە ئارام ڕەشید دەڵێت: “چیرۆكەكە دەربارەی وەرگێڕێكە بە ناوی خوان كە لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە باڵا نێودەوڵەتییەكان كار دەكات و هەر لەو ڕێگەیەشەوە بە كچە هاوپیشەیەكی ئاشنا دەبێت و هاوسەرگیری دەكەن، كە ئەمە سەرەتای بەسەرهاتەكەیە. خوان، لە یەكێك لە هۆتێلەكانی هاڤانایە بۆ بەسەربردنی مانگی هەنگوینیی و بەڕێكەوت گوێی لە قسەی ژنێك دەبێت لە ژوورەكەی تەنیشتیان، دەنگی ژنێك كە داوا لە پیاوێك دەكات ئەگەر بەڕاستی خۆشیدەوێت، با لەبەر خاتری ئەو ژنەكەی خۆی بكوژێت، بەمەش دەكەوێتە هەڵدانەوەی ڕابردووی خۆی.”
لە بارەی نووسەری ڕۆمانەكەوە وەرگێڕ ئاماژەی بەوە داوە: “خابیێر مارییاس لە ساڵی 1951 – 2022 لە مەدرید لەدایك بووە و مردووە. نووسەر، وەرگێڕ و ڕۆژنامەوان بووە، یەكێك بووە لە بەناوبانگترین نووسەرەكانی ئیسپانیا كە بەرهەمەكانی بۆ زۆربەی زمانە جیاوازەكانی جیهان وەرگێڕدراون. لە زانكۆكانی ئیسپانیا و ئەمەریكا و لە ساڵی 1983 تاكوو 1985 لە زانكۆی ئۆكسفۆرد؛ ئەدەبیاتی گوتووەتەوە.”
وەك ئەوەی وەرگێڕ ئاماژەی پێ كردووە نووسەرانێكی زۆر و میدیا جیهانییەكان بەم جۆرە لە بارەی مارییاسەوە نووسیویانە: ئۆرهان پاموك نووسیویەتی “خابیێر مارییاس یەكێكە لەو نووسەرانەی كە شایستەی خەڵاتی نۆبڵە.” هەروەها جۆن ماكسوێل كۆتسی لە بارەی مارییاسەوە دەڵێت “بە بۆچوونی من مارییاس یەكێكە لە باشترین نووسەرەكانی ئەم سەدەیە.” ڕایخ ڕانێسکیش نووسیویەتی “خابیێر مارییاس یەكێكە لە مەزنترین نووسەرە زیندووەكانی جیهان، هیچ نووسەرێكی تر ناناسم بەرهەمەكانی بگاتەی ئاستی ئەو، تەنیا دەتوانم بە یەك نووسەر بەراوردی بكەم: گابرێل گارسییا ماركیز.” ئیندیپێندنت نووسیویەتی “ئایا لە ئەوروپادا ڕۆماننووسێك هەیە، لە خابیێر مارییاس باشتر بێت؟”
ئارام ڕەشید، لە بارەی گرنگیدانی میدیا جیهانییەكان بە ڕۆمانی دڵێكی وا سپی ئاماژە بەوە دەكات: نیویۆرك تایمز نووسیویەتی “تەكنیكی دژوار و گومڕاكەری مارییاس لە دڵێكی وا سپی دا گەیشتووەتە لووتكەی خۆی.” هەروەها واشنتن پۆست دەڵێت “ڕۆمانی دڵێكی وا سپی بە هەمان ئەو ئەندازەیەی كە بەرهەمێكی ڕەسەن و درەوشاوەیە، دڵخۆشكەر و ژیرانەشە.” ڕۆژنامەی تایمزیش نووسیویەتی “دڵێكی وا سپی ڕۆمانێكی ئێجگار درەوشاوەیە، كاری سوپەر ستایلستێكە ئاڵۆزییە سەرنجڕاكێشەكانی هێنری جەیمزمان بیر دەهێنێتەوە.”
ڕۆمانی (دڵێكی وا سپی) لەلایەن وەرگێڕ “ئارام ڕەشید” كراوە بە كوردی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند (3/10 – 13/10) لە حەوتەمین پێشانگای نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ كتێب، بڵاوی دەكاتەوە.
ئارام ڕەشید تا ئێستا وەرگێڕانی بۆ هەریەك لە ڕۆمانەكانی (كۆلارەباز، بەردی سەبووری، ڕێگا، بازاڕیی، كافكا لە كەنار دەریا، ترس لە مەرگ، ڕێگاكانی گەڕانەوە بۆ ماڵەوە، نزا بۆ ڕفێندراوەكان و …) كردووە.
