مووچەی حەشدی شەعبی دواکەوتووە و هۆکاری جیاواز باس دەکرێت

جار خوێندراوەتەوە : (2)

مووچەی ئەم مانگەی چەکدارانی حەشدی شەعبی دابەش نەکراوە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆمپانیای “کی کارت” بە رەتکردنەوەی دابەشکردنی مووچەکە تۆمەتبار دەکات. پەرلەمانتارێکی دیکە کێشەکە بە “تەکنیکی” ناودەبات، دەستەی حەشدی شەعبی-یش دڵنیایی دەدات مووچە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە خەرج دەکرێت.

مەریوان قەرەنی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی حوزەیرانی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تاوەکو ئێستا مووچەی ئەم مانگەی چەکدارانی حەشدی شەعبی خەرج نەکراوە، هۆکاری راستەقینەی دواکەوتنەکەش روون نییە و لیژنەکەیان بەدواداچوونی بۆ دەکات.

هەر لەو بارەیەوە عودەی عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی سادقوونی سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەق، شەوی رابردوو لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “وەزارەتی دارایی عێراق مووچەی هێزەکانی حەشدی شەعبیی خەرج کردووە، بەڵام کۆمپانیای کی کارت رەتیدەکاتەوە دابەشی بکات.”

عەواد گوتی، ئەمڕۆ کۆبوونەوەیەک لەنێوان وەزارەتی دارایی و بانکەکان دەکرێت بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەم بابەتە، ئەگەری هەیە مووچەکە بە شێوەی دەستی دابەش بکرێت تاوەکو ئەو کاتەی چارەسەرێکی جێگرەوە بۆ سیستمی بەبانکیکردن دەدۆزرێتەوە.

بودجەی حەشدی شەعبی بۆ ساڵی 2024 بریتییە لە چوار تریلیۆن و 500 ملیار دینار. بەگوێرەی خشتەکانی بودجە، ژمارەی ئەندامانی حەشدی شەعبی 238 هەزار و 75 کەسە.

موختار مووسەوی، پەرلەمانتاری رێکخراوی بەدر بە سەرۆکایەتی هادی عامری، ئەمڕۆ بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، “دواکەوتنەکە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکییەوە بووە لەنێوان فەرمانگەی دارایی حەشدی شەعبی و نووسینگەکانی کۆمپانیای کی کارت. بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی کێشەکە چارەسەر بکرێت.”

سەبارەت بەو دەنگۆیانەی کە باس لە گوشاری ئەمریکا دەکەن بۆ راگرتنی مووچەکە، مووسەوی گوتی، “سەرەتا ئێمەش گومانمان هەبوو کە ئەمریکا لە پشت ئەو دواکەوتنەوە بێت، بەڵام لە راستیدا وانییە، تەنیا کێشەیەکی تەکنیکییە.”

هەر لەو بارەیەوە حوسێن ئیسماعیل، بەڕێوەبەری فەرمانگەی دارایی و کارگێڕی لە دەستەی حەشدی شەعبی، شەوی رابردوو بە ماڵپەڕی فەرمیی حەشدی شەعبی راگەیاند، “مووچەی ئەندامانی حەشدی شەعبی دابینکراوە و بڕیارە نێوەڕاستی ئەم هەفتەیە خەرج بکرێت.”

چوارشەممەی رابردووش، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کارگێڕی و دارایی حەشد لە راگەیێندراوێکدا دڵنیایی دا کە مووچەکە بە تەواوی دابینکراوە و هیچ کێشەیەکی دارایی نییە.

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.