خوێندراوەتەوە: (1.6K)

چوارشەممە ١٧ی ئەیلول ژمارەیەك رێكخراو و چالاكوان و بەرگریكاری مافەكانی مرۆڤ، نیگەرانی قوڵی خۆیان دەردەبڕن لە مەترسییەكانی سەر ژیان و تەندروستی زەینەب جەلالیان چالاكوانی مافەكانی ژنان و زیندانیانی سیاسی كورد كە زیاتر لە ١٧ ساڵە لە زینداندایە.

لە نامەی ئەو رێكخراو و بەرگریكارانەی مافی مرۆڤ دا هاتووە: “سەرباری هەموو نیگەرانییە جدییەكان لە بەرانبەر تووشبوونی زەینەب بە چەندین نەخۆشیی قورس كە هەڕەشە لە ژیانی دەكەن، كاربەدەستانی ئێران بەردەوام رێگرییان كردووە لە دەستەبەركردنی چاودێری و خزمەتگوزاریی پزیشكیی پێویست و گونجاو بۆ ئەم زیندانییە سیاسییە”.

لەبەشێکی دیکەی راگەیەنراوی ئەو جالاکە مافی مرۆڤیانەدا هاتووە” راپۆرتەكان نیشاندەری ئەوەن كە زەینەب گیرۆدەی نەخۆشییەكانی گورچیلە، كۆئەندامی هەرس و بینایی بووە، جیا لەمانە، لە جۆزەردانی ١٤٠٣وە (مانگی پێنجی ٢٠٢٤) چەندەها جار لە لای گەدە و سكەوە تووشی ئازاری قورس بووە و بەپێی راپۆرتەكان، تووشی لانیكەم دە فیبرۆمی منداڵدان بووە و ئەمەیش بووەتە هۆی خوێنلێچوونی قورس و فراوانی، یەك لەو دەگمەن پزیشكانەی توانیویەتی ڤیزیت و پشكنینی پزیشكیی بۆ بكات، هۆشداریی داوە لەسەر ئەگەری تووشبوونی بە شێرپەنجەی منداڵدان و پێدەچێ پێویستی بە نەشتەرگەری بێت، بەڵام تا ئێستە هیچ جۆرە دەرفەتێك بۆ ئەنجامدانی تاقیكاریی ورد و تێگەیشتنی یەكلاكەرەوە نەڕەخسێنراوە”.

وەك ئەو رێكخراوانە دەڵێن ” ئێران هیچ وەڵامێكی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناداتەوە و دۆخی زەینەب تەنانەت خراپتریش بووە. بە گوێرەی راپۆرتەكان، كاربەدەستانی ئێران لەباتیی دابینكردنی دەرمان و خزمەتگوزاریی پزیشكیی گونجاو، خستوویانەتە ژێر گوشارێكی زیاتریشەوە تاوەكو لە بەرانبەر دەرمان یان ئازادكردنیدا «تۆبەنامە»یەك واژۆ بكات، ئەم سەپاندنە بەشێكە لە سەرچەشنێكی بەربڵاوتر، دەسەڵاتدارانی ئێران دابینكردنی چاودێریی پزیشكی دەبەستنەوە بە بێدەنگبوونی سیاسی یان دەربڕینی پەشیمانییەوە. زەینەب بەرەنگاری هەموو ئەم گوشارانە بووەتەوە”.

زەینەب جەلالیان لە ساڵی ٢٠٠٨ و لە تەمەنی ٢٧ ساڵاندا لە رۆژهەڵاتی كوردستان كوردستان دەستبەسەر كرا و ئێستا بۆ ماوەی ١٧ ساڵە لە زینداندایە.

زەینەب جەلالیان

رۆژهەڵاتی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 104 Today: 629 📊 Click Here