خوێندراوەتەوە: (15.5K)

سیستەمی دادوەری بڕبڕەی پشتی هەر کۆمەڵگایەکی پێشکەوتووە، بەڵام کاتێک چەک جێگەی یاسا دەگرێتەوە، دادپەروەری دەبێتە قوربانی. لە پێناو هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگا و گەڕاندنەوەی متمانە بۆ دادگاکان، ڕێکخراوی داکۆک لە ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٦ چالاکییەکی بەرفراوانی لە شەش شاری گەورەی بەریتانیا سازکرد. لە شارەکانی لەندەن و مانچستەر، سەدان کەس کۆبوونەوە بۆ ئەوەی بڵێن ئیتر کاتی ئەوە هاتووە کێشەکان لە ڕێگەی یاساوە یەکلایی بکرێنەوە، نەک لە ڕێگەی لولەی تفەنگ و شێوازی باوی کۆمەڵایەتی و عەشایەرییەوە.

لێدوان شارى لەندەن

چالاکوانان لەم گردبوونەوانەدا تیشکیان خستە سەر ئەو ڕاستییە تاڵەی کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی بێشوماری چەک لە هەرێمی کوردستان، خەڵکانێکی زۆر متمانەیان بە دادگاکان نەماوە و پەنا دەبەنە بەر هێزی چەکدار بۆ سەندنەوەی مافەکانیان. ئەمەش وایکردووە کە یاسا سەروەر نەبێت و گروپە چەکدارەکان و میلیشیا حیزبییەکان باڵادەست بن. بەشداربووان جەختیان لەوە کردەوە کە دروشمی (چەک بۆ پاراستنی نیشتیمانە، نەک بۆ سەرکوتکردنی هاوڵاتیان) تەنها قسەیەک نییە، بەڵکو داواکارییەکی ڕەوایە بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دامەزراوەیی کە تێیدا تەنها پۆلیس و سوپای نیشتیمانی بۆیان هەبێت چەک هەڵبگرن.

داواکارییەکی تری ئەم چالاکییەی ڕێکخراوی داکۆک، داماڵینی کۆمەڵگا بوو لە چەک بە شێوەیەکی گشتگیر. ئامادەبووان ڕەخنەی توندیان ئاراستەی حکومەتی هەرێم کرد کە نەک تەنها ڕێگری ناکات لە بڵاوبوونەوەی چەک، بەڵکو لە زۆر کاتدا کارئاسانیش دەکات بۆ بڵاوبوونەوەی. پەیامی کۆتایی چالاکییەکە ئەوە بوو کە دەبێت دادگاکان سەربەخۆ بن و دوور بن لە هەژموونی حیزب، تاوەکو هاوڵاتیان بتوانن کێشەکانیان ببەنە بەردەم دادوەر و بە شێوازێکی شارستانی و سەردەمیانە چارەسەری بکەن، دوور لە هەر جۆرە توندوتیژییەک.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 45 Today: 1,673 📊 Click Here