خوێندراوەتەوە: (8.8K)

سمکۆ علی ممند

کەمیی کارەبای نیشتمانی لە هەرێمی کوردستاندا چیتر تەنیا کێشەیەکی کارگێڕی، هۆکارێکی تەکنیکی یان تەنگژەیەکی وەرزیی بێزارکەر نییە؛ بەڵکو بووەتە هێمایەکی ناسۆری مێژوویی کە سی و پێنج ساڵە بەسەر شانی چەندین نەوەی جیاوازدا درێژ دەبێتەوە. لانی کەم لە سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردووەوە تا بەمڕۆ دەگات، هەر کابینە و ڕابەرایەتییەکی سیاسی کە هاتووەتە سەر کار، بەڵێنی بڕاوە و دواکۆتایی بە کێشەی تاریکی داوە. بەڵام خەڵک دەبینن پاش تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ دەیە و خەرجکردنی بە ملیارەها دۆلاری کەرتی گشتی، هەمان قەیران نەک هەر نەبڕاوەتەوە، بەڵکو بە هەمان هێز و قورسییەوە مابێتەوە و بەسەر ژیانی ڕۆژانەیاندا زاڵە.

ئەوەی بێزاری و بێهیوایی کۆمەڵگای گەیاندووەتە لووتکە، دووبارەبوونەوەی بێئەندازەی ئەم دیمەنەیە. نەوەیەک لە سایەی پچڕانی کارەبا و ڕووناککردنەوەی ماڵەکان بە مۆم و فانووس گەورە بوو، ئەمڕۆش منداڵەکانی هەمان ئەو نەوەیە لەژێر تەم و دووکەڵی مۆلیدەکاندا خەریکی خوێندنن. بینینی ئەوەی کە دەسەڵاتداران دەگۆڕێن، دروشمەکان ڕەنگاواڵەتر دەبن و تەکنەلۆجیا سەردەمیانەتر دەبێت، بەڵام کێشە بنەڕەتییەکە وەک خۆی خۆڕاگرە، گومانێکی قووڵ لەسەر ئیرادەی ڕاستەقینەی حوکمڕانی بۆ بنەبڕکردنی ئەم دۆخە دروست دەکات. هاوڵاتییان مافی خۆیانە بپرسن: چۆن دەکرێت وڵاتێک خاوەنی سەرچاوەی دەوڵەمەندی گاز، نەوت و ڕۆشنایی خۆر بێت، بەڵام بۆ زیاتر لە سێ دەیە نەتوانێت تەنها یەک خزمەتگوزاریی سادەی وەک کارەبا بە شێوەیەکی بەردەوام دابین بێت؟

لە ناو ئەم ململانێیەدا، دەسەڵات هەمیشە هەوڵیداوە بە هێنانەدی هەندێک باشبوونی کاتی لە وەرزی بەهار یان پاییزدا —کەخواست لەسەر وزە دادەبەزێت— وەک دەستکەوت و چاکسازیی ستراتیژی پیشانی بدات. بەڵام کاتێک وەرزی سەرما یان گەرمای تاقەتپڕووکێن دێتەوە، سیستمەکە بەیەکجار دادەڕمێتەوە و خەڵک بەرەو تاڵیی واقیعەکە دەگەڕێنێتەوە. باشبوونی کاتی و دەستکەوتی خێرا هەرگیز هەمان مانای چارەسەری بنەڕەتی و بەردەوام نادەن. وڵاتێک کە حوکمڕانەکانی نەتوانن دوای سی و پێنج ساڵ تاریکی لە ماڵی هاوڵاتییانی خۆیان دەربکەن، ناتوانێت بانگەشەی گەشەپێدانی ئابوری، مۆدێرنەکردن و ئاوەدانی بڕواپێکراو بوبکات؛ چونکە ژێرخانی راستەقینەی هەر کۆمەڵگایەک لەسەر بنەمای چارەسەری بنەڕەتی دروست دەکرێت، نەک لەسەر پەردەپۆشکردنی کاتیی کێشەکان.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 106 Today: 1,218 📊 Click Here