خوێندراوەتەوە: (5.7K)

ئاکام جەمال

چی دەبێت ئەگەر گەورەترین نەریت لە دوای ساڵی ٢٠٠٣وە لە عێراقدا نە پاراستنی سەروەریی یاسا بێت، نە چاکسازیی ڕاستەقینە، بەڵکو گواستنەوەی میراتی گەندەڵی بێت لە کابینەیەکەوە بۆ کابینەیەکی تر؟ لە دوای روخانی ڕژێمی پێشوو، سەرۆک وەزیرانی جیاواز، وەزیرانی نوێ، و هاوپەیمانێتییە سیاسییە جۆراوجۆرەکان هاتن و ڕویشتن، بەڵام کەیسی گەندەڵی، دزینی سامانی گشتی، و کەلەپووری دیاردەی دەستبەسەرداگرتنی سەروەتی نیشتمانی بە بێدەنگی لە هەمان شوێنی خۆیان مانەوە. ئەم دووبارەبوونەوە بەردەوامەی دۆسێیەکان لە سەرجەم وەزارەت و دامەزراوەکاندا، بە ڕوونی ئەوە دەسەلمێنێت کە گەندەڵی لە عێراقدا تەنیا ڕەفتارێکی تاکەکەسی یان دەستپاکی و خراپەکارانی چەند بەرپرسێک نییە، بەڵکو نەخۆشییەکی پێکهاتەیییە کە لەناو جەرگەی سیستمی سیاسی و کارگێڕیدا ڕەگی داکوتاوە. لەم واقیعە تاڵەدا، گۆڕینی کەسایەتییەکان لەسەر پۆستە بەرزەکان تەنیا وەک ڕازاندنەوەی ڕووی دەرەوەی بینایەکی وێرانکراو وایە کە بنکەکەی لەسەر بنەمای پشکپشکێنە دارێژراوە. وەک تەنزێکی تاڵ لەسەر ئەم ڕەوشە بەردەوامە دەبێت بڵێین: “وەزیرەکان دەگۆڕێن، حکومەتەکان دێن و دەچن، دروشمە برسکادارەکانیش بەردەوام نوی دەکرێنەوە، بەڵام دیارە گەندەڵی لەم وڵاتەدا ئیقامەی دائیمی و شوێنی نیشتەجێبوونی هەتاهەتایی وەرگرتووە!” گرفت لە عێراقدا کەمیی کەمپینی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی یان نەبوونی لیژنەی لێکۆڵینەوە نییە، چونکە بەردەوام بەڵێنی گەورە بە خەڵک دەدرێت؛ بەڵکو کێشەی بنەڕەتی نەبوونی میکانیزمی بەهێز، سەربەخۆ، و دامەزراوەییە کە بتوانێت یاسا بەسەر هەمواندا بێ جیاوازی جێبەجێ بکات و ڕێگە لە بەکارهێنانی دەسەڵات بۆ بەرژەوەندیی حیزبی بگرێت. تا ئەو کاتەی سیستمی سیاسی لەسەر بنەمای دابەشکردنی دەستکەوتەکان کار بکات، هیچ چاکسازییەک ناگاتە ئەنجام و گەندەڵی وەک تاقە دامەزراوەی جێگیر لە وڵاتدا دەمێنێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 134 Today: 1,761 📊 Click Here