ڕامیار یەحیا
هاوڵاتییان بەردەوام و بە درێژایی بیست و چوار کاتژمێر لە ڕۆژێکدا گوێیان لە وشەی “سەرکەوتن” و “پێشکەوتن” و “کوردستانی ڕووناک” دەبێت، لە کاتێکدا تەنانەت نیوەی ئەو کاتەش کارەبای نیشتمانی لە ماڵەکانیاندا بوونی نییە و ژیانیان لەناو تاریکییەکی خنکێنەردا نوقم بووە . کاتێک باوکێکی ماندوو دوای ڕۆژێک لە کارکردنی قورس لە گەرمای تاقەتپڕووکێنی هاویندا دەگەڕێتەوە ماڵەوە و دەبینێت منداڵەکانی لەبەر بێ کارەبایی ئارەقە دەڕێژن، لە هەمان ساتدا ئەگەر مۆبایلەکەی بکاتەوە یان گوێ لە ڕادیۆیەک بگرێت، دەبینێت بەرپرسێکی حکومی بە جلانێکی کەشخەوە و لەژێر سپلێتێکی سارددا، وتارێکی ئاگرین و بیست و چوار عەیارە لەسەر دەستکەوتە مێژووییەکانی کەرتی وزە پێشکەش دەکات . لێرەدا مرۆڤی کورد دەگاتە ئەو قەناعەتە تاڵەی کە ڕەنگە لە بنەڕەتدا پڕۆژەی “کارەبای ٢٤ کاتژمێری” تەنیا بۆ ڕووناککردنەوەی وتارە سیاسییەکان و شاشەی تەلەفزیۆنەکان دیزاین کرابێت، نەک بۆ گڵۆپ و فێنککەرەوەی ماڵە هەژارەکان .
دەسەڵاتداران زۆر سەرکەوتوو بوون لە دابینکردنی وزەیەکی بێ پچڕان بۆ دروشمەکانیان، چونکە ئامێرەکانی پڕوپاگەندەی حزبی بەبێ وەستان و بە بەردەوامی کار دەکەن بۆ ئەوەی وەهمی سەرکەوتن بەسەر خەڵکدا ببارێنن، بەڵام کاتێک دێتە سەر واقیعی سەلامەتی و ئارامیی خێزانەکان، ئەو وزەیە لەپڕ ون دەبێت و تاریکی جێگەی دەگرێتەوە . ئەمە ئەوپەڕی گاڵتەجاڕییە کە حکومەتێک بیەوێت بە وتاری بێوەستان و لێدوانی بەردەوام قەرەبووی نەبوونی خزمەتگوزارییەکی بنەڕەتی بکاتەوە؛ وەک ئەوەی بڵێیت ئەگەر خەڵک زۆر گوێی لە وشەی “کارەبا” بێت، ئیتر ماڵەکانیان بە شێوەیەکی سیحری ڕووناک دەبێتەوە . لەم نێوەندەدا، ئەوەی جێگەی داخە ئەوەیە کە گوێگرتن لە وتارە بریقەدارەکانی بەرپرسان بەخۆڕاییە و بەزۆر دەکرێتە بە گوێی خەڵکدا، بەڵام بۆ بەدەستهێنانی کەمترین بڕی کارەبای ڕاستەقینە بۆ فێنککردنەوەی جەستەی منداڵەکانیان، هاوڵاتییان ناچارن مانگانە بەشێکی زۆری مووچە بڕاوەکانیان ڕادەستی خاوەن مۆەلیدەکان بکەن . لە ڕاستیدا، ئەو ڕووناکییەی کە حکومەت باسی دەکات، تەنیا لەناو ستۆدیۆکانی ڕاگەیاندن و ژووری کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیراندا بوونی هەیە، لە کاتێکدا لەسەر شەقامەکان و لەناو گەڕەکەکاندا، ئەوەی باڵادەستە هێشتا دەنگی بێزارکەر و دووکەڵی ڕەشی مۆەلیدە ئەهلییەکانە کە وەکو مۆتەکەیەک لەسەر سنگی شارەکان نیشتووە .
خەڵک ئێستا زۆر باش لەو یارییە تێگەیشتووە کە وتارە سیاسییەکان پێویستیان بە هیچ ژێرخانێکی ڕاستەقینە و وێستگەیەکی بەرهەمهێنان نییە، بەڵکو تەنیا پێویستیان بە مایکرۆفۆنێک و زمانێکی پاراوە بۆ چەواشەکردنی ڕاستییەکان، لە کاتێکدا دابینکردنی کارەبای ڕاستەقینە بۆ ماڵەکان پێویستی بە ئیرادەیەکی پاک، ئیدارەیەکی دروست و دڵسۆزییەک هەیە کە ئەم سیستەمە حوکمڕانییە ساڵانێکە لەدەستی داوە . تا ئەو کاتەی دەسەڵاتداران واز لەم نمایشانە نەهێنن، هاوڵاتیی داماو دەبێت بەردەوام باجی ئەو درۆیانە بدات و لە تاریکیدا دابنیشێت، تەنیا بۆ ئەوەی گوێبیستی ئەو حەقیقەتە خەیاڵییە بێت کە گوایە وڵاتەکەی پێشکەوتووترین و ڕووناکترین هەرێمی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە . ئەم جۆرە لە حوکمڕانی کە تێیدا پڕوپاگەندە جێگەی خزمەتگوزاری گرتووەتەوە، نەک هەر ناتوانێت کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ ئەو بۆشاییە گەورەیەی نێوان واقیعی تاڵی خەڵک و خەیاڵدانی سەرکردەکان قووڵتر دەکاتەوە، تا دەگاتە ئاستێک کە ئیتر هیچ کەسێک تەنانەت ئامادە نابێت گوێ لەو وتارە ٢٤ کاتژمێرییانەش بگرێت کە بە پارە و سامانی دزراوی میللەت بەرهەم دەهێنرێن .
