خوێندراوەتەوە: (529)

مەبەست ساڵح ڕەوف

کێشەی حوکمڕانی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا تەنیا لە گەندەڵی، کەمتەرخەمی، یان دەوەستێتە سەر دەستوەردانی دەرەکی؛ بەڵکو قووڵترین کێشە بریتییە لە پرۆسەی تێکەڵبوون و داگیرکردنی دەوڵەت لەلایەن حیزبەوە (حیزب-دەوڵەت). کاتێک پێکهاتە و ناوەندەکانی حیزب لەسەرووی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتەوە دەوەستن و دەسەڵاتیان بەسەردا هەڵدەواسێن، دڵسۆزی بۆ حیزب دەبێتە جێگرەوەی دڵسۆزی بۆ نیشتمان و دەوڵەت. لێرەدا پرسیارە جەوهەرییەکە سەر هەڵدەدات: ئایا حکومەت فەرمان بە حیزب دەکات، یان حیزبە کە فەرمان بە حکومەت دەکات؟

لەو دۆخەدا کە حیزب دەبێتە خاوەنی ڕههای بڕیار، دامەزراوە دەوڵەتییەکان—وەکو وەزارەتەکان، پەرلەمان، و دەزگاکانی چاودێری—دەگۆڕێن بۆ پاشکۆ و مۆرێکی ڕەسمی بۆ پەسەندکردن و ڕەوایەتیدان بەو بڕیارانەی پێشتر لە ناو بارەگا حیزبییەکاندا یەکلایی کراونەتەوە. لەم هەناوی داڕمانەدا، فەرمانبەر و بەرپرس نەک لەسەر بنەمای لێهاتوویی و خزمەتکردنی گشتی، بەڵکو لەسەر بنەمای گوێڕایەڵیی حیزبی پلەبەرز دەبنەوە. بەم شێوەیە، بەرژەوەندیی حیزب دەبێتە پێوەر و یاسای بنەڕەتی، و بەرژەوەندیی گشتی و مافی هاووڵاتی پەراوێز دەخرێت.

لە ناوەندی ئەم تێکچوونە پێکهاتەییەدا، تاڵترین تەنز لەوەدا بەرجەستە دەبێت کاتێک بگوترێت: “گەورەترین خەسڵەتی حوکمڕانی لە هەرێمدا ئەوەیە کە دەوڵەت هەمیشە بوونی هەیە تا مووچەی حیزبەکان بدات، بەڵام حیزبەکان هەن تا ڕێگری لە بەڕێوەچوونی دەوڵەت بوبکەن!” کاتێک سنووری نێوان دەوڵەت و حیزب دەسڕێتەوە، چەمکی سەروەریی یاسا و لێپرسینەوە بەیەکجاری پووچەڵ دەبێتەوە.

گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ڕاستکردنەوەی ئەم رێرەوە، پێویستی بەوەیە کە کۆمەڵگە ڕەتینەکاتەوە قایل بێت بە حکومەتێک کە تەنیا سێبەری حیزبەکانە. چاکسازیی بنەڕەتی کاتێک دەست پێ دەکات کە دامەزراوە نیشتمانییەکان لە دەستێوەردانی حیزبی ڕزگار بوبکرێن و دەسەڵاتی دەوڵەت بگەڕێتەوە بۆ خزمەتکردنی تەواوی هاووڵاتییان بێ جیاوازیی حیزبی.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 81 Today: 168 📊 Click Here