لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتوەکان رەشنووسی گەڵالەی پێشنیازکراوی کۆریای باشوور بۆ بەردوامبوونی بڕیاری راگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران دەنگی پێویستی نەهێناوە و بەم جۆرەش ئەگەڕی گەڕانەوەی سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران لە ئارادایە.
ئەمڕۆ ١٩ی ئەیلول ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ تاوتوێی گەڵاڵەی پێشنیازکراوی کۆریای باشوور بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵپەساردنی سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران کۆبوونەوەی ئەنجام دا.
لە دەنگدانەکەی ئەنجومەنی ئاسایش چوار وڵات لەوانەش ، پاکستان، چین ، روسیا و جەزائیر لەگەڵ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵپەساردنی سزاکان بوون، دوو وڵاتیش ئامادە نەبوون و نۆ وڵاتیش بە دەنگی نەخێر ڕێگەیان بۆ گەڕانەوەی سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان خۆشکرد.
لای خۆییەوە نوێنەری ئەمریکا لە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕایگەیاند “کاریگەری کردەیی ئەم دەنگدانە ئەوەیە کە لە سەرەتای مانگی داهاتوو سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکان بۆ سەر ئێران چالاک دەکرێتەوە”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، “ئەمریکا هەمیشە ئامادەیە ڕاستەوخۆ بەشداری گفتوگۆ بکات، جا پێش چالاککردنی میکانیزمی گەراندنەوەی سزاکان بێت یا خود دوای گەڕانەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران”، جەختیشی کردەوە لەوەی دەبێت فشار بخەینە سەر ئێران بۆ ئەوەی ڕێگای ئاشتی بگرێت.
لای خۆیەوە کازم غەریب ئابادی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران لە کاردانەوە بە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ بڕیاردان لە بارەی درێژنەکردنەوەی ماوەی هەڵپەساردنی سزاکانی دژ بە ئێران رایگەیاند” ئێران پیشانی داوە کە ئامادەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر سیناریۆیەک”، ئاماژەی بەوەشکرد: “ئێمە لە ئێستادا بە کردەوە پیتاندنی یۆرانۆممان راگرتوە”.
ئەنجومەنی ئاسایش
ئێران
