ڕێبوار عەبدوڵڵا
کۆمەڵگەی کوردنشینی باشوور، چونکە لە باری فیکر و لێوردبوونەوەی چەمکەکان هێشتا کۆڵ و دەستەپاچەیە، بۆیە کاتێک گوێی لە مۆدێلێکی تازە، یاخود فۆڕمێکی دیکەی ئیدارەدان و بەڕێوەبردن دەبێت، بە تاسووخەوە دەکەوێتە هەڵپەی لاسایی و دووبارەکردنەوەی هەر یەکێکیان، یانی دەروێشەکانی ئەو ڕەوتە هێشتا لە باری ئایدۆلۆجییەوە نەپەرژاون باش لە فیکرەکە تێیبگەن، بەڵام حیزب و نێوەند و ڕێکخراویان بۆ سازکردووە، بەبێ ئەوەی پرسیاری جددی و بونیادیان بۆ دروست ببێت، کە ئایا ئەم مۆدێلە کۆپیکراوە، لەگەڵ پێکهاتە و دابەشبوونی نەتەوەیی و جفاکیی ئێمەدا هەماهەنگە، یاخود ناکۆک و لارە و بۆی نابێت؟
لە سەرەتای چلەکانی سەدەی ڕابردوو، تەوژمێکی توندی چەپگەرایی، کە ڕەوتی شیوعییەتی سۆڤییەتی ڕێبەرایەتی دەکرد، پزیسکی گەیشتە عیراق و کوردستانیش، لەو میانەدا کوردی چیایی، توندئاژۆ و پەڕگیرانەتر لە عەرەبی عیراقی خۆی تێهەڵقورتاند و لەو بۆتەیەدا بەجۆرێک خۆی تواندبووەوە، باوەڕی نەتەوایەتیی خۆی بۆ سست و لاواز کرد و خستییە خزمەت ئایدۆلۆجیاکەیەوە، ئەمە لەکاتێکدا هێشتا هیچ نووسراوە و بڵاوکراوەیەکی فیکری لەمەڕ شویعییەت لەبەردەست نەبوو، کتێبەکانی مارکس و ئەننگڵس وەرنەگێڕدرابوونە سەر زمانی کوردی؛ لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە، کاتێک بنەما فیکرییەکانی ئایدۆلۆجیای چەپ بە زمانی کوردی لەبەردەست نەبوون، ئەی ئە خەڵکە عاشقی کوێی شیوعییەت بووبوو؟
دەمەوێ نموونەکەی سەرەوە ببەستمەوە بە دۆخی مەوجوود، ئەو دۆخەی کە لە ئێستای هەرێمی کوردستاندا، نە دەسەڵات وەک تێگە و ئەرک و بەرپرسایەتیی سیاسی وجوودێکی کارای هەیە و نە لەڕاستیدا ئۆپۆزسیۆنێکی تۆکمە و خودان قووڵاییش لەئارادا هەیە، یانی وەک چۆن ئێمە کاتی خۆی بەبێ لێوردبوونەوە، وازمان لە تەوژمی کوردایەتیی هێنا و کەوتینە شوێن بیری چەپی کۆمۆنیستی، دواتریش ئاوڕمان لێدایەوە و بۆی گەڕاینەوە، لە دۆخی مەوجوودی ئێستاشدا، خەڵک ماوەیەک عاشقی ڕەوتی ئۆپۆزسیۆنە و ئەم هەڵبژاردن بۆ ئەو هەڵبژاردن کۆمەڵێک ئاراستە و حیزبی سیاسی دەکەن بە نمایندە و چاوساغ، ماوەیەک تێپەڕدەبێت لە ئەویش وەڕزدەبن و ڕووگەیان بە ئاراستەی دەسەڵات وەردەگێڕنەوە.
ئەم ناسەقامگیری و ئاڵۆزییە دەروونییە لەکوێوە سەچاوەی گرتووە؟ ئەگەر خەڵک بەگشتی ناڕازییە و پێیان وایە دەسەڵاتی پارتی ئینجا یەکێتی شایستەی ناوی حکومڕان و دەوڵەتداری نین، ئەی بۆچی دووبارە ئاوڕی میهرەبانییان لێدەدەنەوە و لە هەڵبژاردنەکاندا زۆرینەی ڕەهایان پێ ڕەوا دەبینن؟ بێگومان ڕیشەی وەڵامەکە وا لەنێو ئەو پرسیارەی کە ئایا نەیارەکانی پارتی و یەکێتی لە کام چاوگەی دنیای سیاسەتەوە هەڵقوڵاون و ئاوخۆرەوەی چ کانیاوێک، یاخود دروستتر بڵێین چ زەلکاوێکی سیاسەتن؟
با ئامار قسەبکات
لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٨، بۆ پەرلەمانی کوردستان، دەنگی دوو حیزبە سەرەکییەکەی دەسەڵاتج، بە بەراورد بە ساڵی ٢٠١٣ هەڵکشانێکی بەرچاوی بەخۆوە بینی، کە بریتی بوو لە یەک ملیۆن و (١٠) هەزار دەنگ، لە بەرانبەردا ژمارەی دەنگی تەواوی حیزبەکانی دەرەوەی دەسەڵات، کەمتر بوو لە پێنجسەد و سی هەزار دەنگ، یانی بە نێزیکەیی نیوەی دەنگی دەسەڵات.
لە دواهەمین هەڵبژاردنی ساڵی (٢٠٢٤) بۆ پەرلەمانی کوردستان، ئامارەکە ئەوەندەی دیکە مەترسیدارە، پارتەکانی دەرەوەی دەسەڵات دیسان تووشی داهێزان و ڕۆچوونێکی دیکە دەبن:
لەو هەڵبژاردنەدا دەنگی دەسەڵات (پارتی و یەکێتی) بریتییە لە زیاتر لە یەک ملیۆن و (٢٢٢)هەزار دەنگ بۆ ئەوەی ڕوونتر لە هاوکێشەکە تێبگەین، بە ڕێژە دەکاتە (٦٥٪) ئەمە لەکاتێکدا کە لە هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٠٩ سەرڕای ئەوەی دەیان شێوازی جیاوازی ساختەکاری بەکارهێنرا، هێشتا دەنگی دەسەڵات لە (٥٨٪) تێپەڕی نەکرد! پرسیارە جدییەکە ئەمەیە: ئەم داکشانە زۆرەی دەنگی ئۆپۆزسیۆن و هەڵکشانە بەرچاوەی دەنگی دەسەڵات، هۆکارەکەی چییە؟ لەکاتێکدا ڕۆژ بەڕۆژ دەموچاوی سیاسییەکانی ئەم دوو حیزبە لەبەرچاوی خەڵک ناشیرینتر دەبێت، ساڵ بۆ ساڵ گوزەرانی هاوڵاتییان بەرەو خراپتر و خراپتر دەڕوات، سات بە سات دزی و تاڵانچێتی هێندەبار و چەند قات دەبێت!
ئا لێرەدایە ئەو ڕاستییە خۆی زەق دەکاتەوە، کە ئێمە چەمکی ئۆپۆزسیۆنمان وەک کاڵایەکی هاوردە بۆ دۆخی ناڕەزایەتیی خەڵک خواستووە، بەبێ ئەوەی نێوەرۆکی ئەو کردە سیاسییە کاریگەرەمان لە ژیانی داکەوتی سیاسییدا بەرجەستە کردبێت، یانی هێشتا هیچ ئامادەییەکی جەماوەری و قووڵاییەکی فیکری و بونیادی بوونی نییە، ئێمە حیزبی بۆ دەسازێنین، هێشتا هێڵە گشتییەکانی کاری جەماوەری و ئەکتی کارا و ناکارا هەڵاوێر نەکراون، بەشداری هەڵبژاردن دەکەین، دواجار هەموو ئەم جۆش و خرۆشە، دەچێتە خزمەت چەند موهەڕیج و پۆپۆلیستێکی تەمەلوقچی مەیدانەکە و ئەوەی دەستبەتاڵ و ماڵوێران لێی دێتەدەر تەنها خەڵکی دەنگدەر و هیوادارە، کە دسیان ئەمانیش بێهیوا و ئومێدبڕاو دەکرێت و بۆ هەمشە لە ڕەوتی ئۆپۆزسیۆن دەڕەنجێت! بەڵام هەر لەسەر سەکۆی ناڕەزایەتییەکان وەک کارەکتەرێک دەمێننەوە، کەواتە داکشانی دەنگی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن، هێندەی یەکسانە بە وەلانانی حیزبی بێدەسەڵات و نمایشکار، ئەوەندە یەکسان نییە بە کەمبوونەوەی ناڕەزایەتییەکان، خەڵکی ناڕازی هەر لە مەیدانەکەیە، بەڵام وەها ئاسان ڕەگەڵ ناکەوێت.
چی بکرێت؟
بۆ ئەوەی بزانین چی بکەین، سەرەتا گرینگە بزانین کە چی نەکەین؟ چونکە تۆ ئەگەر سەد جاریش بە دەوری بازنەیەکدا بخولێیتەوە، ئەنجامەکە هەر ئەوەیە کە جاری یەکەم دەستت کەوتووە، واتا ئەگەر سەد حیزبی دیکەی بەناو ئۆپۆزسیۆنیش لە هەناوی هەمان ئەم سیستەمەوە دابمەزرێن و خۆیان نمایش بکەن، جارێکی دیکە ناتوانن لە «بزووتنەوەی گۆڕان» بۆ تۆ باشتر بکەن! واتا ئەوەی تۆ تاقیتکردۆتەوە نە هێزی ئۆپۆزسیۆن بووە، نە بەشداریشت لە هەڵبژاردندا کردووە، ئەوە ڕاستە چوویت بۆ هەڵبژاردن، بەڵام بەم سیستە گوماندارە تەنها دەنگت داوە، هەڵتنەبژاردووە! ئەوەی هەڵدەبژێرێت تۆ نیت، بەڵکە خودی دەسەڵاتەکەیە. بۆیە دواجار نە حیزبی تازە و نە هەڵبژاردن دادی خەڵکی بەشمەینەتی چەوساوە نادات، ڕێگەی نەجات ڕیشەکەی لە بەرزکردنەوەی هۆشیاریی تاک، کۆڵنەدان، بەدوانەکەوتنی کوێرانە، یەکدیناسینی تاکە هۆشیار و بیرجوانەکان، مێدیای سەرڕاستی ئاراستەنەکراو.. ئەمانە کێ دەیانخوڵقێنێت؟ منێکی بەئاگا، تۆیەک کە بەرلەوەی بڕیار بدەی دەپرسی و دەفکری..
