حەمەدامین موحسین
بوونی دەیان سەرۆک و ئاغا و کوێخا لەکوردستانی باشور دەبێتە مایەی قوڕکردن بەسەر ئەو فیدڕالیەی کەبەخوێنی شەهیدان بەدیهاتووە، ناکۆکی و ململانێی ناڕەسەن لەسەر ئەوەی کێ ئاغا بێ و کێش گەدا، لەسەرئەوەی کێ کوێخا بێ و کێش غوڵام، هەرێمی کوردستانی گەیاندووە بە ئاستێک خەریکە ئەو فیدڕالیەتە لەدەست بدات کە بەدیهاتووە.
کورد لە باشوری کوردستان لەهەموو شتێکی کەمە جگە لە بوونی سەرۆک و ئاغا و کوێخا، پڕ پڕە لەسەرۆک بەڵام سەرکردەیەکی ڕاستەقینەی نیە، پڕە لە کوێخا لەهەر دەڤەرێک چەند کوێخایەک هەن هەریەک لای خۆیەوە بڕیار دەدات و حوکم دەکات، وڵاتان تەنیا یەک سەرۆکیان هەیە بەڵام کوردستانی ئێمە چەندین کوێخای هەیە، ئەمە وایکردووە کوردستان بگاتە لێواری لێکترازانی گەورە، هیچ متمانەیەک لەنێوان گەل و سەرۆک و کوێخاکانی کوردستاندا نیە، ئەم فرە کوێخاییە ئینتیمای نیشتیمانی لای خەڵک نەهێشت، ئێستا جگە لە “پارە” خەڵک ئینیتمای بۆ سەرۆک و خاک و نیشتیمان نەماوە.
ئەگەر سەیری عێراقی ئێستا بکەین “سوننەكان بە یەك كاندیدەوە سەرۆكی پەرلەمانیان هەڵبژارد و شیعەكانیش خەریكی دیاری كردنی یەك كاندیدن بۆ سەرۆك وەزیران، بەڵام تا ئێستا كورد لەسەر یەك كاندید ڕێكنەكەوتووە و چەندین كاندیدی هەیە و كار گەیشتۆتە ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار ٨١ كاندیدی هەبێت کە ئێستا تەنیا ١١ کاندیدیان ماون و زۆرینەش کوردن”.
ئێستا پێگەی كورد زۆر لاواز بووە لە عێراق، كورد پێكهاتەیەكی بەهێزی وای نییە ببێتە نوێنەری هەمووان، چونكە ئەگەر پێكهاتەیەكی بەهێزمان هەبوایە ئەم هەموو خەڵکە چاوی لە پۆستی سەرۆکی کۆمار نەدەبوو ئەوانی تر هەموو دەكشانەوە، چونكە یەك كاندیدی بەهێزمان نییە تا بڵێین كاندیدی هەمووانە و ئەوە مافی كوردە بەپێی مافی دەستووری و عورفی سیاسی.
بەبڕوای خەڵکانی خەمخۆر کە لەلایەن دەسەڵاتەوە گوێیان لێ ناگیرێت، وابڕوات ئەم فیدڕاڵییەتە لە دەست دەدەین کە بەخوێنی ئاڵی هەزاران شەهیدی کوردستان بەدەستهاتووە، ئەگەر سەیر بکەین ١٠ ساڵ بەرلەئێستا کورد عێراقی بەڕێوەدەبرد، بەڵام ئێستا گیرۆدەی دەستی بڕیاری سەرۆک وەزیرانە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقین، ئەمە هۆکاری ناتەبایی و فرە کوێخاییە.
هەر بەبڕوای چاودێرانی سیاسی کورد لەهەر چوار پارچەی کوردستان لە ژێر فشاردایە بەتایبەت لە ڕۆژئاوای کوردستان، ئەگەر ئەمریکا ڕێگە نەدات، تورکیا ناتوانێت دەستوەردان لە سووریا بکات، بەڵام کورد لەبەر سەرۆک و کوێخای زۆر نەیتوانیوە یەکڕیزی نێو ماڵی خۆی پتەوبکات و دەستکەوتەکانی خۆی بپارێرێت.
