بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگایی لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایگەیاند” نزیکەی ٢٠٠ حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراوە، لەکاتێکدا هەزار و ٥٥ حاڵەتی توندوتیژی دژی ژنان لە عێراق تۆمارکراوە، هۆکاری زۆری ئەو کەسانەی توندوتیژی دەکەن خەڵکانێکن مادەی هۆشبەر بەکار دەهێنن”.
عەقید موئەیەد هادی لە بەرێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆمەڵگایی عێراق رۆژی هەینی ٢١ی تشرینی یەکەم بە میدیا عێراقییەکانی ڕاگەیاندووە” بەکارهێنانی مادە هۆشبەرەکان یەکێکە لە هۆکارە دیارەکانی پشت بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژی خێزانی”.
زیاتری ڕوونکردۆتەوەو ئاماژە بۆ هۆکاری سەرەکی دیکەش کردووە کە بەشدارن لە لێکجیابوونەوەو پیادەکردنی توندوتیژی خێزان، بە پلەی یەکەم داهاتی کەمی مانگانە و خراپی دۆخی دارایی خێزانەکان، جگە لە خواردنەوەی مەی”.
سەبارەت بە ئامارەکانی ڕێژەی توندوتیژی، ئەو بەرپرسە ئاماژە بەوە دەکات کە پۆلیسی کۆمەڵگایی کەمبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی خێزانی تۆمارکردووە، بە پێچەوانەی چاوەڕوانییەکان کە لە ساڵانی رابردوودا بە زۆری ئاماژەی بۆ زیادبوون دەکرد.
سەبارەت بە ئاماری توندوتیژی دژی پیاوان، هادی دووپاتی کردەوە “بەڕێوەبەرایەتیەکە لە ماوەی ئەمساڵدا ١٩٦حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان تۆمارکراوە”، ئاماژەی بەوەشکرد “جۆرەکانی توندوتیژی لەنێوان دەرکردنیان لە ماڵەوە، دەستدرێژی جەستەیی و دەستدرێژی زارەکی جیاواز بووە”.
“پۆلیسی کۆمەڵگایی توانیویەتی چارەسەری ١٤٦حاڵەتی توندوتیژی دژی پیاوان بکات و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەکە تا کۆتایی ئەمساڵ ١٥٠ حاڵەت تێدەپەڕێنێت”.( ئەو بەرپرسە وا دەڵێت).
لە چوارچێوەیەکی پەیوەندیداردا، هادی پێداچوونەوەی بە ئامارەکانی توندوتیژی دژی ژنان و منداڵاندا کرد و ئاماژەی بەوەدا کە باوترین شێوەی توندوتیژی توندوتیژییە دژی ژنان، کە ١٠٥٥ حاڵەت تۆمارکراوە” و جەختی لەوە کردەوە کە “پۆلیسی کۆمەڵگا بە سەرکەوتوویی ٦٨٢ لەو کەیسانەی چارەسەر کردووە”.
لە درێژەی قسەکانیدا وتی “کەیسی توندوتیژی دژی منداڵان ئاڵۆز و هەمەچەشنن، لەوانە هەراسانکردنی سێکسی و سواڵکردن و زیندانیکردن و بەهۆکاری فرەلایەن و ئەم کەیسە پێویستی بە وردەکاری زیاتر و فراوانتر هەیە”.
توندوتیژی دژی ژنان
توندوتیژی منداڵان
پۆلیسی کۆمەڵگا
