نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمەریکا، مارک سڤایا، لە نوێترین پۆستیدا دەڵێت” با ئەوە ڕوون بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، قبووڵی ناکات و ڕێگە بە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی نادات لە دیاریکردنی شێوەی حکوومەتی نوێی عێراقدا.”( مەبەستی دەستوەردانی ئێرانە).
مارک سەڤایا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس لە نوێترین پۆستیدا کە رۆژی ٢١ ی تشرینی دووەم بڵاویکردۆتەوە، باس لەوە دەکات کە بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەوەی لەم نزیکانە سەردانی عێراق بکات و لەگەڵ سەرکردە سەرەکییەکان کۆببێتەوە.
” عێراق لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا پێشکەوتنی بەرچاوی بەدەستهێناوە و، هیوادارین لە مانگەکانی داهاتوودا ببینین ئەم پێشکەوتنە بەردەوام دەبێت. لە هەمان کاتدا، ئێمە بە وردی چاودێریی پڕۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی نوێ دەکەین.”( نوێنەرەکەی ترەمپ وا دەڵێت ).
سەڤایا جەختدەکاتەوە بۆ بەرگرتن لە دەستوەردانی ئێران لە پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق دەڵێت ” با ئەوە ڕوون بێت کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، قبووڵی ناکات و ڕێگە بە هیچ دەستێوەردانێکی دەرەکی نادات لە دیاریکردنی شێوەی حکوومەتی نوێی عێراقدا.”
مارک سافایا (Mark Savaya) بازرگانێکی ئەمریکییە بە ڕەچەڵەک عێراقی، ناوی بەم دواییە لە گۆڕەپانی سیاسیدا دەرکەوت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ دا وەک نێردەی تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەستنیشانی کرد.
سەڤایا لە ساڵی ١٩٨٥ دا لە عێراق لە دایکبووە و لە بنەڕەتدا کلدانییە (مەسیحی) و خەڵکی شارۆچکەی تلکێفە لە پارێزگای نەینەوا.
لە نەوەدەکاندا لەگەڵ خێزانەکەیدا کۆچی کردووە بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان و لە ویلایەتی میشیگان نیشتەجێ بووە.
بەر لەوەی بێتە ناو جیهانی سیاسەتەوە، وەک بازرگانێکی سەرکەوتوو لە کەرتی قەنەب (ماریجوانا)ی ڕێگەپێدراو (یاسایی) لە ویلایەتی میشیگان ناسرابوو.
ئەو دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیەکی تایبەتمەندە بە چاندن و فرۆشتنی قەنەب (ماریجوانا).
ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا وەک “نێردەی تایبەتی خۆی بۆ عێراق” دەستنیشانی کرد بۆ بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
سافایا پشتیوانێکی بەهێزی هەڵمەتی هەڵبژاردنی ترەمپ بوو، ڕۆڵی هەبوو لە کۆکردنەوەی دەنگی ڕەوەندی عەرەبی و کلدانی و موسڵمان لە میشیگان بۆ بەرژەوەندی حیزبی کۆماری.
ئەو لەو بارەیەوە ڕایگەیاندووە کە ئامانجی ئەرکەکەی بریتییە لە پشتیوانیکردنی سەروەریی عێراق و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، هەروەها درووشمی “با عێراق جارێکی تر مەزن بکەینەوە” (Make Iraq Great Again)ی بەکارهێناوە کە لە درووشمە بەناوبانگەکەی ترەمپەوە وەرگیراوە.
دەستنیشانکردنی بۆ ئەو پۆستە مشتومڕێکی فراوانی لێکەوتەوە بەهۆی پاشخانە نامۆکەیەوە وەک بازرگانێک لە بواری “ماریجوانا” و نەبوونی پێشووی ئەزموونی دیپلۆماسیی، ئەمەش وایکرد هەندێک کەس ئەم پۆستە وەک پاداشتێک بۆ دڵسۆزییە سیاسییەکەی بۆ ترمپ تەماشا بکەن، لە کاتێکدا لایەنگرانی پێیان وایە پاشخانە بازرگانییەکەی و ڕەچەڵەکە عێراقییەکەی ڕەنگە یارمەتیدەر بێت بۆ تێگەیشتن لە واقیعی ئابووری و کۆمەڵایەتی عێراق بە شێوەیەکی کردەیی و دوور لە دیپلۆماسییەتی باو (تەقلیدی).
ئەمەریکا
عێراق
پێکهێنانی حکومەت
ئێران
