کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕایگەیاند “تا ئێستا ١٠٢ سکاڵا تۆمار کراوە، ٥٩ سکاڵایان هی دەنگدانی گشتین و ٤٣ سکاڵاشیان هی دەنگدانی تایبەتن”.
شەممە، ١٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بە ژمارەی ئەو سکاڵایانە کردوە کە لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا کراون، بەشی سکاڵا و تانەدان دەستیکردووە بە پۆلێنکردنیان و زۆربەیان سکاڵای زەردن و چەند سکاڵایەکی کەمیشیان سەوزن کە کاریگەرییان لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکە نابێت.
ئێوارەی چوارشەمەی ڕابردوو، ١٢ تشرینی دووەم، کۆتا وادەی وەرگرتنی سکاڵاکان بوو لە لایەن کۆمسیۆنەوە، بە پێی ڕیکارەکانی کۆمسیۆن، سکاڵا زەردەکان، ئەو سکاڵایانەن کە مەرجی یاساییان تێدا نییە و لە بنەڕەتدا رەت دەکرێنەوە، سکاڵا سەوزەکانیش ئەو سکاڵایانەن کە بانگەشەی بوونی سەرپێچیی کارمەندانی کۆمیسیۆن دەکەن، ئەم جۆرە سکاڵایانە پێویستیان بە لێکۆڵینەوەی کارگێڕییە، بەڵام کاریگەرییان لەسەر ئەنجام نییە و سکاڵا سورەکانیش ئەو سکڵایانەن کە کاریگەریان لەسەر ئەنجام هەیە.
جومانە غەلای، وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕۆژی ١٣ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کاتی ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن ئاشکرا کرد، و ووتی “لە ئێستادا كۆمسیۆن سەرقاڵی چارەسەركردنی پرسی ئەو وێستگانەیە كە ئەنجامەكانیان ڕەوانە نەكردووە، ئەنجامەكان دەخرێنە سەر ناوەندەكانی تۆماركردن و هەژمار دەكرێن، ئەوەش وەك ئامادەکارییەک بۆ ڕاگەیاندنی ئەنجامی كۆتایی و ئەو كارەش هاوكاتە لەگەڵ یەكلاكردنەوەی ئەو سکاڵایانەی تۆمار كراون و ئەنجامی کۆتایی ڕاگەیاندنی هەڵبژاردن دەکەوێتە هەفتەی داهاتوو(واتا ئەم هەفتەیە)”.
ڕۆژی ٩ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، دەنگدانی تایبەت، و ڕۆژی ١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ دەنگدانیی گشتی، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بەڕێوەچوو. ١٢ تشرینی دووەم، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی بە ڕێژەی ٩٩.٧٤٪ ڕاگەیاند.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
خولی شەشەم
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق
