خوێندراوەتەوە: (896)

راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێم دەگەڕێنێتەوە بۆ یەکێتی و دەڵێت” دۆخی سیاسی عێراق و دەستوەردانی هەندێ لایەنیش هۆکارن”.

کیفاح مەحمود راوێژکاری راگەیاندنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە لێدوانێکی بۆ رۆژنامەی ( الشرق الاوسگ) رایگەیاندوە” پێکنەهێنانی حکومەت بۆ چەندین هۆکاری هەیە و لە زۆرینەیدا یەکێتی هۆکار بووە، سەرباری هۆکارەکانی پەیوەست بە دۆخی سیاسی عێراق و دەستوەردانی هەندێ لایەن”.

دەشڵێت “دواکەوتنەکە کاریگەری لەسەر رۆڵی حکومەت نەبووە، بەڵکو هاوکاری نێوان سەرکردایەتی پارتی و یەکێتی و کۆبوونەوەکانیان هێزێکی زیاتری بە حکومەت بەخشی، بەتایبەتی کۆبوونەوەکانی بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، لە ئەنجامدا واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەم دواییە بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنانی نەوت”.

پێشیوایە حکومەتی نوێی هەرێم “ڕەنگە پێش هەڵبژاردنە گشتییەکانی عێراق لە کۆتایی ئەمساڵدا ڕابگەیەندرێت، بەو پێیەی پڕۆسەی پێکهێنانی لە قۆناغی کۆتاییدایە”.

لای خۆشییەوە دەرباز كۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “داوای شەراكەتی راستەقینەمان كردووە لەم قۆناغەدا نەك پەنجا بە پەنجا، پێویستە كۆمەڵێك پۆست بە هاوبەشی بەڕێوەببرێت، سورین لەسەر ئەوەی بەزووترین كات كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم پێكبهێنرێت و لە چەند رۆژی داهاتوودا خەبەری خۆشمان دەبێت، لەگەڵ پارتی دوورنین لەیەكەوە، هەندێك بۆچونی جیاواز هەیە، دەتوانین بەچەند كۆبونەوەیەك ئەو بۆچوونانە لێكنزیك بكەینەوە و بگەیەنە رێككەوتنی كۆتایی”.

ئەمڕۆ پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر ئاستی باڵا کۆبوونەتەوە، بە ئامادەبوونی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و قوباد تاڵەبانی جێگری، لەكاتێكدا سەرەتای ئەم هەفتەیە مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی لە پیرمام لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی كۆبوەوە.

ئەوەش بەپێی پێگەی ( ناشناڵ کۆنتێکست)، دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان لەژێر “فشاری قورسی” ئەمەریکادا بووە، واشنتۆن هەوڵدەدات دامەزراوەکانی ناوچەکە بنیات بنێتەوە لە کاتێکدا قەیرانی شەرعیەت لە پەرەسەندندایە.

دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان دوای زیاتر لە مانگێک هات لە پچڕانی پەیوەندییەکانی هەردوولا بەهۆی رووداوەکانی ٢٢ی ئابی سلێمانییەوە.

یەکێتی

پارتی

هەرێمی کوردستان

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 108 Today: 2,639 📊 Click Here