لەدوای تاران، زۆرترین کەس لە پارێزگای کرماشان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل کوژراون

جار خوێندراوەتەوە : (7)

پارێزگاری کرماشان دەڵێت، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە، 66 کەس کوژراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات، لەدوای تاران، جەنگەکە لە کرماشان زۆرترین کوژراوی لێکەوتووەتەوە.

مەنوچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستان ئاماری تایبەت بە کوژراوانی جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیلی خستەڕوو و رایگەیاند، 66 کەس لە ئەنجامی جەنگەکەدا کوژراون. هەروەها 532 کەس لە ناوچە جیاجیاکانی پارێزگاکە بریندار بوون.

پارێزگاری کرماشان ئەوەشی خستەڕوو، لەدوای تاران، زۆرترین کوژراوی جەنگەکە لە کرماشان بووە.

بەرەبەیانیی رۆژی هەینی 13ـی حوزەیران سوپای ئیسرائیل هێرشی کردە سەر چەند بنکەی ئەتۆمی و سەربازی لە سەرانسەری ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان کە لە ئەنجامدا ژمارەیەک زانای ئەتۆمی و فەرماندەی سەربازی کوژران.

لە وەڵامدا ئێران ئۆپەراسیۆنی ”بەڵێنی راست 3”ـی دژی ئیسرائیل راگەیاند و بە چەند قۆناخ لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە هێرشی کردە سەر وڵاتەکە.

جەنگی نێوان دوو وڵاتەکە بۆ 12 رۆژ بەردەوام بوو، دواتر رۆژی سێشەممە، 24ـی حوزەیران، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ئاگربەستی لە نێوان ئێران و ئیسرائیل راگەیاند

کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە

ناونیشانی ئیمەیڵی تۆ بڵاو ناکرێتەوە. خانەکانى پێویست بە پڕ بکرێنەوە * نیشان دەدرێن.