كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت” هەڵبژاردن لەكاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت و دواناخرێت و هەشت هەزار بنکەش کە ٣٩ هەزار و ٨٠٠ وێستگە لەخۆدەگرێت، بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی ئامادەکراوە” .
حەسەن هادی زایر، ئەندامی تیمی ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند” کۆمسیۆن تەواوی ئامادەکارییە تەکنیکی و لۆجستییەکانی بۆ دەنگدانی تایبەت و گشتی تەواو کردوە و هەڵبژاردن لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا ئەنجام دەدرێت.”
ئاماژەی بەوەشکردوە، ناوەندەکانی دەنگدان ئامادەکراون و ستافی سەر سندوقەکانی دەنگدانیش بەتەواوی ڕاهێنیان پێکراوە و ژمارەی کارمەندانی دەنگدان گەیشتوەتە زیاتر لە ٢٣٠ هەزار کەس.
ئاشکراشی کرد کە ” ڕاهێنان بە کارمەندانی سەر سندووقی دەنگدان کراوە، سەرجەم ئامێرەکانی ڕۆژی دەنگدان ٧٢ کاتژمێر بەرلە رۆژی دەنگدان دابەشدەکرێن و کۆگاکان لە پارێزگاکان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە پارێزگارییان لێدەکرێت.
هەروەها کۆمیسیۆن دەڵێت” ٨٠٠ بنکەی دەنگدان کە چوار هەزار و ٥٠٠ وێستگە لە خۆدەگرێت، بۆ ڕۆژی دەنگدانی تایبەت و نزیکەی هەشت هەزار بنکەش کە ٣٩ هەزار و ٨٠٠ وێستگە لەخۆدەگرێت، بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی ئامادەکراوە”.
١١ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و لەعێراق نۆ ڕۆژ و لە هەرێمی کوردستان شەش ڕۆژ دیاریکراوە بۆ راگرتنی دەوام لە ناوەندەکانی خوێندن و ڕادەستکردنی خوێندنگەکان بە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی هەڵبژاردن.
هەڵبژاردن
هەرێمی کوردستان
