خوێندراوەتەوە: (5.4K)

زەردەشت محمد – نووسەر

دوای تێپەڕینی ٣٧ ساڵ بەسەر ئەنجامدانی تاوانی ئەنفال و بێسەروشوێن کردنی ١٨٢هەزار لە ژن و منداڵ و پیر و گەنج، هەروەها ڕووخاندنی هەزاران گوند و تێکدان و وێرانکردنی سەرخان و ژێرخانی هەرێمی کوردستان، هێشتا ئاسەواری ئەو ڕوداوە مێژووییە پڕ کارەساتە نەک نە سڕاوەتەوە، بەڵکو هەر ڕۆژە و گێڕانەوە و ئاشکرا بوونی چیرۆکێک، دیسانەوە پرۆسەکە دەباتەوە سەرەتا، ئێمە کە قوربانی دەستی ئەو تاوانەین دەچینەوە هەمان خاڵی دەستپێکی تاوانەکە.

ئەگەرچی بەلای زۆرێکمانەوە وەها بیردەکەینەوە کە ئەنفال ساڵانێکی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام لە حەقیقەتدا ئەنفال پڕۆسەیەکە بەردەوامی هەیە، ئەنفال پڕۆسەیەکە خاڵی دەستپێکی هەیە، بەڵام گەورەیی تاوانەکە بەو ئەندازەیە وادەکات ناتوانرێت خاڵی کۆتایی بۆ دابنرێت.

وەک ئەوەی کە وتم، ئەنفال زەمەنێکی بەسەردا تێپەڕیوە، بەڵام دەکرێت ئاشکرابونی دیمەنێک، پێمان بڵێت ئەنفال نەک تێنەپەڕیوە، بەڵکو لێرەوە دەست پێ دەکات، دەکرێت هەواڵی دەستگیرکردنی عەجاج، کە لە نێو ئێمەدا بە (جەلادی ئەنفال) ناوبانگی دەرکردووە، وەک خاڵێکی دەستپێک بۆ قۆناغ و سەردەمێکی دیکەی  تاوانی ئەنفال پێناسەبکەین.

لێرەدا دەکرێت بڵێین دەستگیرکردنی عەجاج، سەرەتایی دێڕێکی نوێیە، بۆ دەستپێکردن بە نوسین و تۆمارکردن و ئاشکراکردنی ڕووداوە ڕاستیەکانی ناو پڕۆسەیەکی پڕ لە تاوانکاری، کە تەنانەت ئەوانەشی کە تاوانەکەیان دەرحەق کراوە، ناتوانن وەک عەجاج پێمان بڵێن چییان بەرامبەر کراوە، دەکرێت لێرەوە دیمەنێکی پڕ لە ئازار و کرداری تاوانکارانەی نوێ و نەبیسترا و لە بارەی ئەنفالەوە بزانین و ببیستین.

من لێرەدا دەپرسم چی لە عەجاج بکەین؟

هەرخۆم دەمەوێت وەڵامی ئەم پرسیارە بەوە بدەمەوە، کە دەکرێت دەستگیرکردنی ‘عەجاج ئەحمەد حەردان تکریتی’، وەک دەستکەوتێک و هەنگاوێکی گرنگ تەماشا بکەین، بۆیە ناکرێت بەزووی بڕیار لەسەر مردنی ئەم تاوانبارە بدەین، چونکە مەرگی ئەو واتە شاردنەوەی هەزاران ڕوودا و دیمەن و بەڵگەی گرنگ لەسەر پرسی ئەنفال.

بەبڕوای من دەبێت بەر لەوەی داوای مردن و لە سێدارەدانی بکەین، دەبێت لەسەر ئەوە پێداگری بکەین، کە دەبێت پڕۆسەی دادگایی کردنەکەی پەخش بکرێت، دەبێت لەسەر دۆسیەی تاوانی ئەنفال، جیاواز مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت و ئەگەر لە دادگایەکی کوردستانیش نەتوانرا دادگایەکەی بەڕێوە بچێت، ئەوا دەبێت دادوەرێکی کورد ئەو دادگایە، بەڕێوە ببات، لە هەموو ئەمانە گرنگتر ئەوەیە، دەیان نوسەر و ڕۆژنامەنوس و کەسانی ئەکادیمی ئامادەیی دادگایکردنەکەبن، تاوەکو بتوانن گێڕانەوەکان وەک خۆی و بێ ئەوەی هیچ لەقسەکانی بگۆڕێت، تۆمار بکرێت و بنوسرێتەوە.

دەکرێت دەرفەتی مانەوەی پێبدرێت و نابێت هاوشێوەی’صدام حسین’ پەلە بکرێت لە دادگایکردنی و بەزووی بمرێت، ئەگەرچی مردنی ئەم تاوانبارە ئاواتی هەموو گەلی کوردە، بەڵام مانەوەی و تۆمارکردنی قسەکانی، دەستکەوتی زیاترە بۆ داهاتووی ئێمە و کەیسی ئەنفال بەتایبەتی، کە بەداخەوە لە ساتی بەڕێوەچونی دادگایکردنی سەدام و دارودەستکەی ئەم دەستەکەوتەمان لەدەست داوە، نەمانتوانی بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵدا بکەین، کە پرسیارێکی بێ وەڵام نەهێڵینەوە.

بەڵام بەداخەوە سەدام مرد و سەدان پرسیاری بێ وەڵام وەک خۆی ماونەتەوە و دوای ئەو شاهیدێکی ئەو تاوانەمان دەستنەکەوت پرسیارەکانی ئاراستەبکەین، خۆشبەختانە ئێستا لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی دەستگیرکردنی عەجاج، پرسیارەکان دیسانەوە ئامادەن، بەڵام ئایە ئەمجارە وەڵامیان بۆ وەردەگرینەوە، یاخود ئەم هەلەمان لەدەست دەردەچێت و مەرگی عەجاجیش پرسیارەکان بێ وەڵام دەهێڵێتەوە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 71 Today: 1,879 📊 Click Here