بە گوێرەی راگەیەنراوی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، چوارچێوەکە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە.
فەرمانگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی،لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە” لە پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و یەکلاکردنەوەی بەربژێری سەرۆک وەزیران، گەیشتوونەتە هەنگاوی پێشکەوتوو و پەرەسەندنی گرنگ هاتووەتە ئاراوە”.
بڵاویشیکردووەتەوە کە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی ناو چوارچێوەکە لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی بەڕێوەچووە “تەوەرەی سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە بەردەوامبوون لە گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو و یەکلاکردنەوەی ناوی سەرۆک وەزیران، وەک بەشێک لە شایستە دەستوورییەکانی قۆناخی داهاتوو.”
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، کۆبوونەوەکە لە “کەشێکی ئەرێنی”دا بەڕێوەچووە و تێیدا “گفتوگۆی بەرپرسانە” کراوە، کە دەرەنجامەکەی پەرەسەندنی گرنگ و ئاماژەی بەرەوپێشچوون بووە، بە شێوەیەک لەگەڵ پێویستییەکانی سەقامگیریی سیاسی و بەرژەوەندییە باڵاکانی عێراقدا بگونجێت.
ئاشکراشی کرد کە “چوارچێوەی هاوئاهەنگی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق بەربژێر کردووە.”
نووری مالیکی کێیە؟
– ناوی تەواو: نووری کامل محەممەد حەسەن مالیکی.
– ساڵی لەدایکبوون: ١٩٥٠ (قەزای هیندییە لە پارێزگای بابل)
– خوێندن: ماستەر لە ئەدەبی عەرەبی.
– لە ساڵی ١٩٧٠ پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامی کردووە.
– لە ساڵی ١٩٧٩ بەهۆی راوەدوونانی لەلایەن رژێمی بەعسەوە، عێراقی بەجێهێشت و چوو بۆ ئێران و دواتر بۆ سووریا، لەوێ وەک سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆن دژی سەدام حوسێن کاری دەکرد.
– بۆ ماوەی دوو خول لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٦ تاوەکو ٢٠١٤ سەرۆکوەزیرانی عێراق بووە.
– ئەمینداری گشتیی حزبی دەعوە: ئێستا سەرکردایەتی ئەو حزبە دەکات.
– سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: یەکێکە لە کوتلە گەورەکانی پەرلەمانی عێراق.
– جێگری سەرۆککۆمار: لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨ ئەم پۆستەی هەبووە.
سەرۆک وەزیران
مالیکی
عێراق
