خوێندراوەتەوە: (1.7K)

چاوەڕوان دەكرێت هەفتەی داهاتوو دیاردەیەكی دیكەی گەردوونی روو بدات، ئەویش خۆرگیرانی نیمچەییە و بەشێك لە دانیشتووانی گۆی زەوی بەچاوی خۆیان دیاردەكە دەبینن.

خۆرگیرانە نیمچەییەكە رۆژی یەك شەممەی داهاتوو رێكەوتی 21/9/2025 روو دەدات، خۆرگیرانەكە بەشێوەی راستەوخۆ لە وڵاتانی نیوزلەندا و بەشێكی رۆژهەڵاتی ئوستڕالیا و دوورگەكانی دەریای هێمن و ناوچەكانی بەستەڵەكی باشوور دەبینرێت.

بەهۆی ئەم دیاردەیەوە سێبەری مانگ رێژەی 70%ی رووی خۆر دادەپۆشێت، دیاردەكەش لە كاتژمێر 1:29ی دوای نیوەڕۆ بە كاتی ئەمریكا دەست پێ دەكات و كاتژمێر 3:41 دەگاتە لووتكە.

پێشبینی دەكرێت تەنیا 16.6 ملیۆن خەڵك بەشێوەی راستەوخۆ بە چاوەكانیان ئەم خۆرگیرانە ببینن، كە ئەمەش رێژەی 0.2%ی دانیشتووانی گۆی زەوی پێك دەهێنێت.

هەرچەندە رێژەیەكی زۆری خەڵك لەسەر گۆی زەوی ناتوانن ئەم دیاردەیەی خۆرگیران بە چاوەكانیان ببینن، بەڵام چاوەڕوان دەكرێت بەشێك لە میدیا جیهانییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ دیاردەكە بگوازنەوە.

پزیشك و پسپۆڕان ئامۆژگاری هاووڵاتییانیان كردووە، لە كاتی دیاردەكەدا بەشێوەی راستوخۆ و بەبێ چاویلكەی تایبەت و كەلوپەلی خۆپارێزی سەیری خۆرگیرانەكە نەكەن، چونكە زیان بە چاوەكانیان دەگەیەنێت.

ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا مانگگیرانی تەواوەتی ڕوویدا و لەسەرتاسەری جیهانیش بینرا و زیاتر لە 3 كاتژمێری خایاند.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 107 Today: 2,155 📊 Click Here