شیعەکان نۆ کەسیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کردووە و بڕیارە ئەو لیژنەیەی کە لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێکهێنراوە، کاندیدێکی تەوافوقی لە نێوان هێزە شیعەکاندا دەستنیشان بکات.
ئەحمەد مەعمووری، وتەبێژی فەرمی هاوپەیمانی ئەساسی ڕایگەیاند” لیژنەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی کە ڕاسپێردراوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدەکانی سەرۆک وەزیران، تا ئێستا پەڕاوەکانی نۆ کاندیدی تاوتوێ کردووە، بەتایبەت سەرنجیان خستووەتە سەر پڕۆگرامەکانیان لە بوارەکانی ئاسایش، ئابووری، و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان”.
مەعمووری وتیشی” کە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران پشت بەو کاندیدە تەوافوقییە دەبەستێت کە نوێنەرایەتی چوارچێوەکە بە گشتی دەکات، بە دوور لە هاوکێشەکانی هەڵبژاردن و ژمارەی ئەو کورسییانەی بەدەستیان هێناوە، بەڵام لە دابەشكردنی وەزارەتەکاندا ئەوە دەکرێتە پێوەر”.
جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی داهاتوو حکومەتێکی تەوافوقی دەبێت و هەموو پێکهاتەکانی عێراق دەگرێتەوە، لەگەڵ سەرنج خستنە سەر پابەندبوون بە ماوە دەستوورییەکان.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ١٢ مانگدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندراو (١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥) ئەنجامی کۆتایی لە لایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی کۆتایی دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی پەرلەمانی عێراق لە لایەن دادگاکەوە دیاری دەکرێت، کە یەکەم دانیشتن لە لایەن نوری مالیکیەوە بەڕێوەدەچێت، وەک بەتەمەنترین پەرلەمانتار.
سەرۆک وەزیران
هەڵبژاردن
پەرلەمانی عێراق
