خوێندراوەتەوە: (16)

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی داهاتووی عێراق، نوری مالیکی لە چاوپێکەوتنێکیدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی وتوە “هەرگیز ناکشێمەوە”.

دوو شەممە، ٢٣ شوبات ٢٠٢٦، نوری مالیکی بەربژێری چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند “هیچ نیازێکم بۆ پاشەکشەکردن نییە، چونکە ڕێزم بۆ دەوڵەتەکەم هەیە کە سەر بەوێم و هەروەها رێز لە سەروەری و ئیرادەی وڵاتەکەم دەگرم، مافی کەسیش نییە بڵێت فڵان کەس هەڵمەبژێرن و فڵان کەس هەڵبژێرن”.

نوری مالیکی لە ئێستادا لەلایەن ئەمریکاوە قبوڵکراو نییە بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق و داوای کشاندنەوەی دەکرێت بە هۆکاری نزیکبوونی لە ئێران و گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی یاسا، لەو بارەیوە مالیکی دەڵێت “لە ئەگەری پێکهێنانی حکوومەتدا، کار بۆ ئەوە دەکەم چەک تەنیا و تەنیا بەدەست دەوڵەتی عێراقەوە بێت و کۆتایی بە دیاردەی چەکداریی دەرەوەی یاسا بهێنرێت”.

بەربژێرەکەی چوار چێوەی هەماهەنگی ئەوەشی وتوە “پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئێران لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش بونیاد دەنرێت، نەک شتی دیکە”.

بە هۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران و مەترسی بۆسەر باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی وڵاتان لە عێراق، نوری مالیکی ڕایگەیاند “لە عێراقدا بە هیچ جۆرێک ڕێگە نادەین پێشێلکاری و هێرش بکرێتە سەر هیچ باڵیۆزخانەیەکی بیانی”.

نوری مالیکی بۆ ماوەی دوو خول سەرۆک وەزیرانی عێراق بوە لە ساڵانی ٢٠٠٦ تا ٢٠١٤.

عێراق

نوری مالیکی

پۆستی سەرۆک وەزیرانی عیراق

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 34 Today: 1,947 📊 Click Here