خوێندراوەتەوە: (1.2K)

مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران ڕایگەیاند” وڵاتانی رۆژئاوایی دەیانەوێت هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆمانیان بدەینێ، دیارە ئەوەش بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە.”

شەممە، ٢٧ی ئەیلوول ٢٠٢٥، مەسعود پزیشکیان، سەرۆکی ئێران، پێش ئەوەی لە نیویۆرکەوە بۆ تاران بگەڕێتەوە، بە پەیامنێرانی ڕایگەیاند “لە پەراوێزی کۆبوونەوەی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیدار و گفتوگۆی زۆر باشمان لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی فینلاند، سویسرا، نەرویج، عێراق، بۆلیڤیا و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا هەبوو. هەڵوێست و بۆچوونەکانی خۆمان خستەڕوو و سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، قسەمان کرد.”

پزیشکیان لە درێژەی قسەکانیدا وتی” لەگەڵ لایەنە ئەورووپییەکان گەیشتینە ئەنجام، بەڵام تێڕوانینی ئەمەریکا جۆرێکی ترە و لە گەڵیاندا نەگەیشتینە هیچ لێکگەیشتنێک، چونکە داواکارییەکەی ئەمەریکییەکان قبووڵنەکراوە؛ ئەوان دەیانەوێت هەموو یۆرانیۆمی پیتێنراوی خۆمانیان بدەینێ، دیارە ئەوەش بە هیچ شێوەیەک جێگەی قبووڵ نییە.”

سەرۆکی ئێران ڕوونی کردەوە “ئەگەر ئێمە ئێستا بە داواکارییەکانی ئەوان ڕازی بین، چەند مانگێکی دیکە داواکارییەکی دیکە دەخەنەڕوو هەڕەشەی کاراکردنەوەی میکانیزمی سەپاندنەوەی سزاکان دەکەن! ئەگەر بڕیار بێت لەنێوان داواکارییە نالۆجیکییەکەی ئەوان و سەپاندنەوەی سزاکاندا، یەکێکیان هەڵبژێرین، ئەوا ئێمە سەپاندنەوەی سزاکان هەڵدەبژێرین.”

پزیشکیان وتیشی”سەپاندنەوەی سزاکان کاریگەریی ئەوتۆیان لەسەر ئابووریی ئێران نابێت، چونکە ئێمە پەیوندیی پتەومان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ڕووسیا و چین و هیندستان هەیە. بێگومان بە پشتیوانیی خەڵکی خۆشەویستی ئێران کە باوەڕیان بە وڵات و یەکپارچەیی خاک و شکۆ و سەربەرزیی خۆیان هەیە، لەم دۆخە دەرباز دەبین.”

ئەوەش لە کاتێکدایە رۆژی رابردوو بریارنامەیەک کە لە لایەن چین و روسیا ئاراستەی نەتەوە یەکگرتوەکان کرابوو بۆ درێژکردنەوەی ماوەی هەڵپەساردنی سزاکانی سەر ئێران دەنگی نەهێناوە و بەمەش سەرجەم سزاکانی ئەنجومەنی ئاسایش بۆ سەر ئێران گەڕایەوە.

مەسعود پزیشکیان

ئێران

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 36 Today: 141 📊 Click Here