ئاریان مەجید
ناوەڕۆکی بابەت:
١٦ی ئۆکتۆبەر.. زامێکی قووڵ و ساڕێژ نەبوو، خیانەتێکی گەورەی لەبیرنەکراو، شکاندنی شکۆی میللەتێکی ستەم دیدەی زوڵم لێکراو. زۆر بەداخەوە، ٨ ساڵ تێپەڕدەبێت، بەڵام هەر ساڵێک کورد لە مانگی (ئۆکتۆبەر) نزیک ئەبێتەوە، لە هەر کۆڕ و کۆبوونەوە و باسکردنێک ناوی مانگی (ئۆکتۆبەر) دێت، تەزوویەک بە گیانیاندا دێت، هەنسایەکی سارد و توند سەر سنگیان ئەگرێت. ئاسان نییە لەبیربکرێت، حیزبەکانی دەسەڵات کە بە دەنگ و متمانەی میللەت چوونە پلەو پۆست، کە سوێندی یاساییان خوارد ببنە قەڵغان و پارێزەر و داکۆکیکاری کورد و کوردستان، لە کاتێکدا کە هەموو کورد چاوەڕێی پارێزگاری و هیممەتی ئەوان بوو، ئەوان پشتیان لە کورد کرد!
ئەمەوێت بە کورتی باسی کەمێک لەو ڕووداوانەی لە ١٦/١٠/٢٠١٧ ناسراو بە (شکستی شانزەی ئۆکتۆبەر) بکەم بە چەند خاڵێک:
١- بەرەبەیانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧، سوپای عێراق و حەشدی شەعبی لە شاری کەرکوک و شارۆچکەکانی خورماتوو، داقوق و حەویجە هێرشیانکردە سەر سەنگەرەکانی پێشمەرگە، هێزەکانی پێشمەرگەش بەبڕیاری بەرپرسانی هەرێم لەو ناوچانە کشانەوە.
٢- دوای کشانەوەی زۆرینەی هێزەکانی پێشمەرگە سوپای عێراق هاتنە نێو شاری کەرکووک و ماوەیەک شەڕ لە نێوان عێراق و هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان دروستبوو، بەڵام دواتر لە هەمان ڕۆژ عێراق دەستی بەسەر بنکەی K1 و بیرەنەوتەکانی باکووردا گرت و لە کۆتاییشدا دەستی بەسەر باڵەخانەی پارێزگای کەرکووکدا گرت و ئاڵای کوردستان لە سەرجەم شوێنەکان هێنرایە خوارەوە.
٣- لە پێکدادانی نێوان هێزەکانی لیوا (کۆسرەت ڕەسووڵ عەلی) لەگەڵ هێزەکانی سووپا و حەشد لەگەڵ ئەوەی ژمارەی شەهید و بریندارانی ئەو شەڕە نەزانراوە، بەڵام بەپێی چەند ئامارێکی ڤیدیۆیی دەرکەوتووە کە لە شوێنێکدا بینراوە کە تەرمی ٢٥ پێشمەرگەی لێبوە. ئامارەکان دەڵێن ژمارەی قوربانیان لە ١٠٠ زیاتر بووە.
٤- دوای داگیرکردنی کەرکووک هەزاران خێزانی شاری کەرکووک و قەزاکانی دەوروبەری لە ترسی سوپا و حەشدی شەعبی ماڵەکانیان چۆڵ کرد و بۆ شارەکانی هەرێم هەڵاتن و ئاوارەبوون، دانیشتوانی دووزخورماتوو زیانێکی زۆر بە ماڵ و ناوچەکەیان گەیشت و بۆ ماوەیەکی زۆر نەیانتوانی بگەڕێنەوە، چەندین ماڵ سووتێنران.
٥- یەکێک لە دیمەنە زۆر قێزەون و دڵتەزێنەکان بریتییە لە ڤیدیۆی تەرمی پێشمەرگەیەک کە لە دووز بڵاوکرایەوە کە هێزەکانی حەشدی شەعبی بە ئۆتۆمبێل بەدوای خۆیاندا ڕایدەکێشن!
٦- لە ڕۆژی ١٨ـی مانگی بە فرمانی سەرۆک وەزیرانی عێراق (حەیدەر عەبادی) هەموو میلیشاکان دەبوایە بکشێنەوە و تەنیا هێزی ناوخۆی عێراق لە شارەکان بمێنێتەوە، ڕۆژی ١٨ی ئۆکتۆبەریش بووە دوایین وێستگەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی هێزە عێراقییەکان و کۆتایی بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە هات.
٧- لەدوای ڕووداوەكانی ١٦ـی ئۆكتۆبەر هێزی پێشمەرگە لەهەموو ئەو ناوچانە كشانەوە كە دەكاتە ٥٢% خاكی باشووری كوردستان، ئەو خاكە لەدەستدراوە، بێجگە لە شاری كەركوك هەشت شارۆچكە و 21 شارەدێی تێدابوون.
٨- لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە هەرێمی كوردستان ٥٥٪ ی هەناردەی نەوتی لەدەست داوە.
٩- بەدەر لە فشارەكانی حكومەتی عێراق بۆ ڕادەستكردنی خاڵە سنوورییەكان، حكومەتی عێراق داوای ڕادەستكردنی سەرچاوە ئاوییەكان و بەنداوەكانی هەرێمی كوردستانیشی دەکرد، كە هەریەک لە بەنداوەكانی دەربەندیخان و دوكان و بێخمەن، هەروەها داوای کرد کە هێزی پێشمەرگە بخرێتە سەر سوپای عێراق و فەرمان لەوێوە وەربگرێت و داوای ڕادەستکردنی هەموو نەوتی هەرێمی کوردستانیشی کردەوە.
تەنها (شەش) پرسيار بۆ (شانزەى ئۆكتۆبەر و بكەرانى):
1- ئەگەر (شانزەى ئۆکتۆبەر) راستكردنەوەى هەڵەی ڕیفراندۆمێکی سەقەت بوو، ئەى بۆ پشتيوانيتان لەسەرخستنی ڕیفراندۆم كرد و له (٢٥ى ئه يلول) به (بەڵێ) دەنگتان بۆ دا و ڕێگریتان لێنەکرد؟
2- ئەگەر هەڵەی ڕیفراندۆم گوێ نەگرتن بوو له وڵاتانی دراوسێ و زلهێزەکانی جيهان، بەوەی كاتى نەبوو، به لام ئايا له مێژوودا بۆ سەربەخۆیی هەرێم و خاکێک پرس به وڵاتانی دراوسێ و زلهێز كراوه؟ یان بە واتایەکی تر سەربەخۆیی دراوه يان سه نراوه؟
3- دواى (8) ساڵ له ڕووداوى (شانزەی ئۆکتۆبەر)، کوا ئەو پارێزگارە کوردەی ناوەکەی له گیرفانی هەندێک بەرپرسی كوردا بوو؟
4- دواى (8) ساڵ له و ڕووداوه، چی لێ بەرهەم هات؟ جگە له عەیبدارکردنی كورد له جيهان و زاڵبوونی حکومەتی عێراقی بەسەر كوردى باشوورى كوردستان و حکومەتەکەیەوە و نەهامەتی بۆ خەڵکی ناوچە دابڕێنراوەکانی باشوورى كوردستان؟
5- ئەگەر (شانزەی ئۆکتۆبەر) پاراستنی شارى (کەرکوک) بوو له كاولکردن و وێرانکاری دەستی نەیارەکانی كورد، ئايا دواى ئەو مێژووە نەک بە تەنها شارەکە، بەڵکو سەرجەم شار و ناوچەکانی وەک کەرکوک لە مەینەتی و داگیرکاری ڕزگاریان بوو؟ يان خراپتر له پێشتریان بەسەرهات؟
6- مانگی ئۆکتۆبەر یەکێک بوو له و مانگانەی هەڵە و خیانەت و شکستی كوردى تێدا تۆمار نەکرابوو، ئەو مانگەشتان وەک مانگەکانی تر بێبەش نەکرد لە خراپە و گەندەڵی و خیانەت، بۆچی؟

