خوێندراوەتەوە: (1.3K)

سەرکۆ سلێمان

ئەزموونی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان، کە پارتی دیموکراتی کوردستان وەک هێزی یەکەم و باڵادەست تێیدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، گەیشتووەتە قۆناغێک کە تێیدا جیاوازی نێوان “حیزب” و “دامەزراوەکانی دەوڵەت” بەرەو نەمان چووە.
ئەمڕۆ ئەوەی لە زۆنی ژێر دەسەڵاتی ئەم پارتەدا دەبینرێت، تەنها بەڕێوەبردنێکی ئیداری نییە، بەڵکو قۆرخکارییەکی هەمەلایەنەی جومگە هەستیارەکانی بڕیار، ئابووری و ئەمنییە، کە دەرەنجامەکەی تەنها بێئومێدی و نادادی کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە.

یەکێک لە گەورەترین قەیرانەکانی ئەم مۆدێلە لە حوکمڕانی، نەبوونی “شەفافیەت”ە. داهاتی نەوت، داهاتە ناوخۆییەکان و دەروازە سنوورییەکان وەک “نهێنییەکی حیزبی” مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت نەک وەک سامانی گشتی.

ئەم ناڕوونییە لە داهات و خەرجیدا بووەتە هۆی ئەوەی کە هاوڵاتی هەست بکات لە نیشتمانەکەی خۆیدا بێگانەیە و هیچ مافێکی بەسەر سەروەت و سامانەکەیەوە نییە.

ئەمەش ڕاستەوخۆ کاریگەری کردووەتە سەر ژیان و بژێوی خەڵک؛ مووچە کە سەرەتاییترین مافی فەرمانبەرە، بووەتە ئامرازێکی سیاسی بۆ گوشار و ساڵانە چەندین مانگی بە بیانووی جۆراوجۆر دەفەوتێت یان دوا دەکەوێت.

لە لایەکی ترەوە، کەرتی گشتی و دامەزراندن بە تەواوی ئیفلیج کراوە. بۆ چەندین ساڵە پڕۆسەی دامەزراندنی گەنجان و دەرچووانی زانکۆ ڕاگیراوە، لە کاتێکدا دامەزراندن لە ناو ڕیزەکانی حیزب و هێزە ئەمنییە حیزبییەکاندا بەردەوامە.

ئەمە نەک هەر نادادییە، بەڵکو کوشتنی خەونی نەوەیەکی نوێیە کە هیچ ئاسۆیەکی ڕوون بۆ داهاتووی خۆی نابینێت.

هەروەها ڕاگرتنی “پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەران” بۆ ماوەی پتر لە هەشت ساڵ، نیشانەی شکستی ئەو سیستمە ئیدارییەیە کە تەنها بیر لە پاشەکەوتکردنی پارە دەکاتەوە لەسەر حیسابی قووتی خەڵک، نەک لەسەر حیسابی کۆمپانیا و پڕۆژە زەبەلاحەکانی سێبەری حیزب.

ئەم قۆرخکارییە تەنها لە ئابووریدا نییە، بەڵکو کایەی ئازادی و ڕادەربڕینیشی گرتووەتەوە، پاشەکشەی دیموکراسی و دروستکردنی ترس لە ناو کۆمەڵگە، دەرەنجامی ئەو مۆدێلە لە دەسەڵاتە کە هیچ دەنگێکی جیاواز قبوڵ ناکات.

کاتێک جومگەکانی دادوەری و پەرلەمان دەخرێنە ژێر ڕکێفی بڕیاری سیاسییەوە، ئیتر هاوڵاتی پەنایەک شک نابات بۆ گەڕاندنەوەی مافەکانی.

لە کۆتاییدا، بەردەوامبوونی ئەم دۆخە و قووڵبوونەوەی نادادی، هەرێم بەرەو لێواری تەقینەوەیەکی کۆمەڵایەتی دەبات، حوکمڕانییەک کە نەتوانێت مووچە دابین بکات، دامەزراندن بکاتەوە و شەفاف بێت لەگەڵ خەڵکەکەی، شەرعییەتی خۆی لەدەست دەدات، پێویستە پارتی وەک هێزی باڵادەست تێبگات کە “مانەوە لە دەسەڵات” بە قۆرخکاری و بێبەشکردنی خەڵک لە مافە سەرەتاییەکانیان، تەنها کات بەفیڕۆدانە و مێژوو سەلماندوویەتی کە هیچ دەسەڵاتێک بە نادادی و برسی کردن بەردەوام نابێت.

By Razhan Ahmed

من ڕاژان ئەحمەد بەکالۆریۆسم هەیە لە زمان و ئەدەبی ئینگلیزی.نووسەر و گرافیک دیزاینەر لە میدیای ناونیشان. I Razhan Ahmed. I have BA in English Language and Literature.I become an active writer and designer for Nawnishan's website.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 72 Today: 2,548 📊 Click Here