خوێندراوەتەوە: (946)

ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان، عەبدوڵا ئۆجەلان دەڵیت “پڕۆسەی بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، کە من دەستم پێ کرد، پڕۆسەیەکی دیالۆگە. لە هەرێمێکی وەک ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە ئەتنیک، ئایین و مەزهەبی تێکەڵاوی لێیە، زۆر شت هەن کە بە دیالۆگ و دانوستانە دیموکراتیکەکان بەدەست دەهێنرێن”.

شەممە، ٦ کانوونی یەکەم ٢٠٢٥، لە یەکەمین کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە ئیستەنبوڵ، پەیامی ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، عەبدوڵا ئۆجەلان خوێندرایەوە، لە پەیامەکەدا هاتوە ” من بڕوام وایە کە کۆنفرانسەکەتان لەسەر بنەمای شیکارییە تیۆرییانەی کە پێشکێشم کردوون، گفتوگۆی گرنگ پێش دەخات کە بەشداری دەکات لە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ بەرنامە و رێکخستنی سیاسی. رێبازی بنەڕەتی لەم پڕۆسەیەدا ماتریالیزمی دیالەکتیکە. بەڵام دەبێت قاڵبەکانی دیالەکتیکی کلاسیک تێپەڕێنرێن”.

“دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک وەک بەشگەلێک کە یەکتر لەناو دەبەن، بەڵکو وەک دیاردە کۆمەڵایەتییەکان کە یەکتر بەهێز دەکەن ببینین، چونکە بەبێ کۆمۆن دەوڵەت نییە، بەبێ بۆرژوازی پرۆلیتاریا نییە. لەبەر ئەوە، دەبێت ئێمە ناکۆکییەکان نەک بە عەقڵیەتێکی وێرانکەر، بەڵکو بە روانگەیەکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکەین”، عەبدوڵا ئۆجەلان وا دەڵێت.

لە بارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دەوڵەت بۆ “پرۆسەی ئاشتی” ڕێبەری پەکەکە دەڵێت “من پەیوەندیی خۆم لەگەڵ دەوڵەت وەک پەیوەندییەکی بەدیموکراسیبوون پێناسە دەکەم. لە تێگەیشتنی کۆماری دیموکراسیدا پێویست دەکات دەوڵەت لە سەرووی کۆمەڵگەوە نەبێت، بەڵکو لە چوارچێوەی پەیمانێکی دیموکراتیکدا لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکات. بە ستراتیژیی سیاسیی دیموکراتیک، مومکینە کە لەناو دەوڵەتدا گۆڕانکاری و وەرچەرخان دروست ببێت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمایەکی دیموکراتیک سەرلەنوێ بنیات بنرێتەوە”.

سەبارەت بە گرنگی چەسپاندنی یاسا کە مافی هەموانی بە ئازادی تێدا هەبێت، لە پەیامەکەی ڕێبەری پەکەکەدا هاتوە “یاسا، وەک میکانیزمی پاراستن و هاوسەنگیی پەیوەندیی دیموکراتیکی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئامرازێکی چارەسەرییە کە رێگری لە تووندوتیژی دەکات. لە هەمان کاتدا رۆڵ دەگێڕێت لە بەدامەزراوەیکردنی بنیاتنان و رەوایەتی کۆماری دیموکراتیک و بنیاتنانەوەی سیستەمی کۆمەڵایەتی”.

کۆنفڕانسی نێونەوەیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە لایەن پارتی دیموکراسی و یەکسانی گەلان (دەم پارتی) لە ئیستەنبوڵ ڕێکخراوە، بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردوەوام دەبێت.

هەر یەک لە مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، پەیامیان ناردبوو بۆ کۆنفرانەسەکە و خوێندرانەوە، ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندیەکانی دەرەوەی بەڕێوبەری باکور و خۆرهەڵاتی سوریا بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی زوومەوە وتارێکی پێشکەشکرد.

پرۆسەی ئاشتی

کۆنفرانسی ئیستەنبوڵ

عەبدوڵا ئۆجەلان

دەم پارتی

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 93 Today: 2,355 📊 Click Here