هاوپەیمانی تۆڕ و ڕێکخراوەکانی چاودێری هەڵبژاردن لە عێراق ئاماری فەرمی دیارترین ڕووداو و پێشێلکارییەکانی ڕۆژی دەنگدانی تایبەتی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە سێ هەزار و ٢٧٣ سەرپێچی تۆمارکراون.
ڕۆژی دووشەممە لە ڕاپۆرتێکی سەرەتاییدا ناوەندی ڕاگەیاندنی تۆڕی چاودێری هەڵبژاردن لە عێراق ڕایگەیاند” تیمەکانی چاودێری مەیدانی ٣٢٧٣ حاڵەتی پێشێلکاری و ناڕێکی هەڵبژاردنیان لە کاتی دەنگدانی تایبەتدا لە عێراق تۆمارکردووە، کە لەلایەن چاودێرانی کۆمسیۆن و تیمە ئەمنییەکانەوە بەدواداچوونیان بۆ کراوە”.
ئەوەشی خستۆتەڕو” پرۆسەی چاودێری سەرجەم قۆناغەکانی هەڵبژاردنی لەخۆگرتبوو، هەر لە کردنەوە و دەنگدان و داخستنی دەنگەکان و ژماردنەوە و پۆلێنکردنی دەنگەکانەوە، بە بەشداریی هەشت هەزار و ٣٤٧ چاودێر لە ١٨ پارێزگا و دوو هەزار و ٢٥٠ ناوەندی دەنگدان”.
پێشێلکارییەکان بەم شێوەیە دابەشکراون: “٣٥% کێشەی تەکنیکی، ٢٥% دواکەوتنی ڕێکارەکان، ٢٠% کێشەی ئەمنی، ١٥% سەرپێچی ڕێکارەکان، و ٥% سەرپێچی لۆجستی”.
سەرلەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە، بنکەکانی دەنگدان لە سەرجەم ناوچە و شارەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەرگاکانیان کردەوە بۆ وەرگرتنی دەنگدەران لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق، هاوکات دەنگدانی گشتی بۆ سەرجەم هاوڵاتیان لە ڕۆژی سێشەممە دەستپێدەکات.
دوێنێ یەکشەممە، لیوا قەیس ئەلمحەممەداوی، جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ڕایگەیاند” ڕێژەی بەشداریکردن لە دەنگدانی تایبەتدا لەسەدا ٨٠ی تێپەڕاندووە، کە ڕێژەیەکی بێ وێنەیە”.
هەڵبژاردن
دەنگدانی تایبەت
عێراق
