ئەو توێژە فراوانەی کە تازەیەو تا ئێستا ئاوڕیان لێنەدراوەتەوە کە ئەوانیش کرێکارانی دێلیڤەرین کە زیاتر بە ماتۆرسکیل خواردن و کەلوپەل دەگوازنەوە، سودانی سەرۆک وەزیران ئاوڕیان لێدەداتەوە و لە بەرژوەندیان چەند بڕیارێک دەردەکات.
نووسینگەی راگەیاندنی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە راگەیاندنێکدا ئاشکرای دەکەن، لە پێناو رێكخستنەوەی بازاڕی كاردا و پاراستنی مافی ئەو كەسانەی لە كەرتی گشتی و تایبەتی كار دەكەن و بۆ جێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی سەرۆك وەزیران لە میانی کۆبوونەوەی لەگەڵ کۆمەڵێک گەنج کە لە خزمەتگوزاری گەیاندن کاردەکەن و ٢٠ی ئەیلول لەگەڵیاندا کۆبوووەوە لیژنەیەك پێكهێنرا و دواتر لیژنەكە چەند ڕاسپاردەیەكی خستە بەردەم سەرۆك وەزیران و ئەویش پەسەندی كردن.
لە راگەیەندراوی نووسینگەكەی سودانی ئاماژە بە بڕیارەكان دراوە کە لەم خاڵانەدا کۆدەبێتەوە:
١- دامەزراندنی سەندیکایەکی گشتی بۆ کرێکارانی گەیاندن (دیلیڤەری) بەپێی بڕگەکانی یاسای ڕێکخستنی سەندیکاکان ژمارە (٥٢ی ساڵی ١٩٨٧)، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، بۆ ئەوەی ببێت به نوێنەری فەرمی ئەم توێژە.
٢- تۆمارکردنی شۆفێرانی گەیاندن (دیلیڤەری) لە دەستەبەری تەندروستی و کۆمەڵایەتی و بەرنامەکانی پاراستنی حکومی بیانگرێتەوە.
٣- ئامادەكردنی ئەپڵیکەیشنێکی ئەلیکترۆنی بە سەرپەرشتی وەزارەتی گواستنەوە، بۆ ڕێکخستنی پەیوەندی نێوان کۆمپانیاکانی گەیاندن و شۆفێران و زامنکردنی مافی هەردوولا.
٤- ئاسانکاریكردن بۆ تۆمارکردنی ماتۆڕسکیل لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ و گومرگ، کەمکردنەوەی کرێی تۆمارکردنیان و رێگەدان بە چوونە ژوورەوە بۆ وێستگەكانی بەنزینخانە بەپێی ڕێسای دیاریكراو.
٥- وەزارەتی ناوخۆ و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان ئاڕاستە دەکرێن، کە لە کاتی دەوامی شەوانەدا هاوکاری ئەمنی پێشكەش بە شۆفێران بکەن.
٦- دابینکردنی قەرزی بچووک و ئاسان لەلایەن بانکە حکومی و ئەهلییەکانەوە، بە سەرپەرشتی بانکی ناوەندی، بۆ پاڵپشتیکردنی پڕۆژە تایبەتەکانیان.
٧- داواکردن لە کۆمپانیاکانی گەیاندن و چێشتخانەکان کە پابەندبن بە کاتی کارکردن و کرێی کارکردن، بەگوێرەی ستانداردەکانی سەلامەتی و مافی کار.
0-فەرمانگە تایبەتەكان لە وەزارەتەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، پەیوەندییەکان، و فەرمانگەی بەشی تۆماری کۆمپانیاکان لە وەزارەتی بازرگانی، هەماهەنگی لەگەڵ یەکتردا دەکەن بۆ تۆمارکردنی کۆمپانیا و نووسینگە پەیوەندیدارەكان بە خزمەتگوزاری گەیاندن، و لە ماوەی (٦٠) رۆژدا راپۆرتێک پێشکەش بە نووسینگەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دەکەن.
ئەوە لە کاتێکدایە کە رۆژی ١١ ی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق ئەنجام دەدرێت و کۆتایی بەحوکمی سەرۆک وەزیرانی سودانی دێت.
کرێکاران دیلیڤەری
سودانی
ژمارەیەک بڕیار
