خوێندراوەتەوە: (7.6K)

وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ كۆمپانیا جیهانییەكان لە چین، ئەڵمانیا و بەرازیل رێككەوتون كە هێڵەكانی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە عێراق بكەنەوە. دەشڵێت: ئەو ئۆتۆمبێلانەی بڕیارە بەرهەم بهێنرێن بە غاز كاردەكەن و بە قیست و سوودێكی زۆر كەم بە هاوڵاتیان دەفرۆشرێن.

محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق، بە میدیای فەرمی (العراقيە)ی وتوە، پڕۆژەی كردنەوەی هێڵی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێل لە عێراق، بەپێی رێكارە تەكنیكییەكان لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئەڵمانیا، چین و بەرازیل بەڕێوەدەچێت و پڕۆژەكە هەنگاوێكە بەرەو دروشمی “دراستكراوی عێراق” و بە ئامانجی خستنەگەڕی دەستی كاری نێوخۆیی و دابینكردنی ئۆتۆمبێلی هەرزان و دۆستی ژینگەیە.

ئاماژەی بەوەشداوە، رێككەوتن لەگەڵ كۆمپانیا بەرازیلی و چینی و ئەڵمانییەكان كراوە بۆ كردنەوەی لقەكانیان لە بەغداو پارێزگاكانی دیكە.

وتوشیەتی، ئەو كۆمپانیایانە چەند یاداشت و رێككەوتنێكیان واژۆ كردون بۆ كردنەوەی هێڵەكانی بەرهەمهێنان و تەجمیع كردنی ئۆتۆمبێل لە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش شوێنی تایبەت بۆ پڕۆژەكە لە باشوری بەغدا و چەند ناوچەیەكی دیكەی وڵات ئامادەكراوە و چاوەڕێی تەواوكردنی رێكارە تەكنیكییەكانی كۆمپانیاكانین.

ڕاشیگەیاندووە، ئەو ئۆتۆمبێلانەی لە عێراق تەجمیع دەكرێن، دۆستی ژینگە دەبن و بە غاز كاردەكەن لەبری بەنزین و هەرزانن و هاوڵاتیانی كەم دەرامەت دەتوانن بە قیست و بە سودێكی زۆر كەم بیانكڕن.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 141 Today: 407 📊 Click Here