ئەو وادەیە تەواوبوو کە دەبوو دواین رۆژی راگرتنی سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بێت، بەڵام راگرتنەکەی درێژکرایەوە و بڕیارە پێنجشەممە بۆ جاری دووەم سەرۆکی جوڵانەوەکە بچێتەوە بەردەم دادگا.
ئەمڕۆ ٢٥ـی ئابی ٢٠٢٥، زیاتر لە ١٢ رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر دەستگیرکردنی شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ، کە دوای ئەوەی لە ١٣ـی مانگ دادگا بڕیاریدا تا ٢٤ـی مانگ رابگیرێت و دواتر ئازادبکرێت، دادگا وادەی راگرتنەکەی درێژکردەوە و ئازادنەکرا.
وا بڕیاریشە لە ٢٨ـی ئەم مانگە شاسوار عەبدولواحید بۆ جاری دووەم بچێتە بەردەم دادگا، دوای ئەوەی لە ٢١ـی ئەم مانگە دادگایی کرا.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ١٢ـی ئابی ٢٠٢٥، درەنگانی شەو هێزێکی ئەمنی هەڵیانکوتایە سەر ماڵەکەی شاسوار عەبدولواحید و بەبێ ئاگاداری پێشتوەختە دەستگیریانکرد، گوایە لەسەر چەند سکاڵایەک کە تا ئێستا لە دادگای سلێمانی بەڵگەیان لەسەر نەهاتووەتەوە؛ هاوکات میدیا ناوخۆییەکان و دەرەکییەکانیش ئەوەیان خستەڕوو، کە دەستگیرکردنەکەی لەدوای ئەوەهات، هەفتەیەک پێش ئەوە شاسوار عەبدولواحید رایگەیاند، ئەگەر هەرێم چارەسەری کێشەی مووچە نەکات و لەگەڵ بەغدا رێکەوتنەکانی جێبەجێ نەکات؛ ئەوا هەڵوێستی جدییان دەبێت؛ وە لەدوای دەستگیرکردنیشی، پەرلەمانتارانی نەوەی نوێ جەختیان کردەوە، کە سەلامەتی گیانی سەرۆکی جوڵانەوەکە لە ئەستۆی یەکێتیدایە.

