لە رێوڕەسمەکەدا ئایفۆن 17 و جۆرەکانی ئاشکرا کران، کە بەپێی تایبەتمەندییە پێشکەوتووەکانی، چیپی A19ـی تێدا بەکارهێنراوە، وەک دەوترێت بەراورد بە چیپە کۆنەکە، بە رێژەی 15-20% کارایی خێراترە و کاریگەریشی لەسەر تەمەنی پاترییەکە نییە. هەروەها “Iphone Air” یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمە نوێیەکان و بە تەنکترین ئایفۆن دادەنرێت لە مێژووی مۆبایلە زیرەکەکانی کۆمپانیاکەدا، کە پانییەکەی تەنیا 5.5 ملیمە، هاوکات کامێرایەکی پێشکەوتووی لەسەرە و 48 مێگا پیکسڵە.
جۆری ئایفۆن 17ـی پرۆ و پرۆ ماکس، 3 کامێرایان هەیە و جۆری پرۆ ماکسەکەی لە توانایدایە ڤیدیۆی 8K بە هەردوو کامێرای پێش و دوا تۆمار بکات، جگە لەوەش، پاتری جۆری پرۆماکسەکەی 5 هەزار میلی ئەمپێرە کە ئەمەش بەهێزترین پاتریی مۆبایلە لە مێژووی بەرهەمەکانی کۆمپانیای ئەپڵدا، لە بەرامبەردا جۆری “ئایفۆن17 ئێر” قەبارەکەی بچووکترە و بەهێزیی پاترییەکەی 2800 میلی ئەمپێرە.
جگە لەم تایبەتمەندییانە، بۆ یەکەمین جار، کۆمپانیای ئەپڵ سیرامیکی لە بەشی دواوە و پێشەوەی ئایفۆن بەکارهێناوە، ئەمەش وادەکات بەهێزتر بێت و زیاتر بەرگەی زەبر و کەوتن بگرێت.
ئێرپۆدی پڕۆ 3 یەکێکی دیکەیە لە بەرهەمە نوێیەکان، کۆمپانیای ئەپڵ ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم جۆرە نوێیە بە شێوەیەک دیزاین کراوە، کە بۆ 10 هەزار جۆری گوێچکە گونجاو بێت، هەروەها تەکنەلۆجیای پێشکەوتووی تێدا بەکارهاتووە و لە توانایدایە بە شێوەی راستەوخۆ لە زمانە جیاوازەکانەوە وەرگێڕان بکات.
