خوێندراوەتەوە: (1.1K)

سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی کوردستان، پیرۆزبایی لە کاندیدە سەرکەتووەکانی یەکێتی نیشتیمانی کرد، لەبارەی دەرنەچوونی هاوسەرەکی وتی” ئەو توانی متمانەی ١٢ هەزار دەنگدەر بەدەستبهێنێت.

د. رێواز فایەق، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێدا هاتووە” سوپاس و ستایش بۆ هەموو ئازیزانەی کە سەرباری نالەباریی دۆخی گشتی بە گیرفانی بەتاڵ و کوانووی ساردەوە هێشتا دەستبەرداری پشتیوانی یەکێتییەکەیان نەبوون”.

وتیشی” (خەلیل عوسمان) ی هاوسەرم توانی متمانەی نزیکەی (١٢) هەزار دەنگدەری بازنەی هەولێر بەدەستبهێنێت، و ئەو ژمارە دەنگەش بەس بوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی کورسی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دیارە بە پێی سیستمی کۆتای ژنان کورسیەکە درا بە کاندیدێکی ژن.”

دەقی پەیامەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان..

سەرەتا پیرۆزبایی سەرکەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن لە هەمووان دەکەم، دەستخۆشی لە هەموو ئەو بەڕێزانە دەکەم کە بەشداریان لە سەرخستنی ئەو بژاردە دیموکراسیەدا کرد..

سوپاس و ستایش بۆ هەموو ئازیزانەی کە سەرباری نالەباریی دۆخی گشتی بە گیرفانی بەتاڵ و کوانووی ساردەوە هێشتا دەستبەرداری پشتیوانی یەکێتییەکەیان نەبوون و متمانەیان بە لیستی (٢٢٢) و کاندیدەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بەخشی..پیرۆزبایی سەرکەوتن لە تەواوی کاندیدان و لە نێویاندا کاندیدە سەرکەوتووەکانی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان دەکەم..

بە دەرفەتی دەزانم دوای ڕاگەیاندنی فەرمی ئەنجامەکان، زۆر سوپاسی دەنگدەران و هەموو ئەو هاوکارانەمان بکەم کە لە تیمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردنی(خەلیل عوسمان) ی هاوسەرم، ئازایانە و بەسەربەرزیی و بە ڕەتکردنەوەی بەرژەوەندی جۆراوجۆر، مەردانە تا کۆتایی لەگەڵمان مانەوە و هاوڕێی نیوەڕێگە نەبوون، و بە یەکەوە هەڵمەتێکی شارستانیانەمان بەڕێوەبرد، و بە چەندین تیم سەدان ماڵی دەڤەرەکانی( هەولێر، کۆیە، سۆران) مان بەسەرکردەوە، دەرئەنجام کاندیدەکەمان توانی متمانەی نزیکەی (١٢) هەزار دەنگدەری بازنەی هەولێر بەدەستبهێنێت، و ئەو ژمارە دەنگەش بەس بوو بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی کورسی پەرلەمانی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام دیارە بە پێی سیستمی کۆتای ژنان کورسیەکە درا بە کاندیدێکی ژن، ئەوەش حوکمی یاسای هەڵبژاردنە و بۆ هەمووان وەك یەکە.سوپاس بۆ خوای گەورە دیارە خێر لەوەدایە..

سەبارەت بە هاوکارە شکۆدار و مەرد و ئازاکانیشمان، خۆمان بە قەرزاری هەموویان دەزانین و منەتباریانین، بۆ هەمیشە بەئەمەك دەبین بەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونیان و پێکەوە دەمێنینەوە بۆ گەشەپێدانی یەکێتییەکەمان و سەرخستنی لە ئیستحقاقەکانی داهاتوودا..

بۆ ئێمە وەك خێزان و هاوکارانیشمان لە تیمەکانی هەڵمەتی هەڵبژاردن، بەدەستهێنانی ئەو ژمارە دەنگە بە سەربەرزیی، و بۆ کاندیدێکی پەرێزپاك و لە بنەماڵەیەکی تێکۆشەر، مایەی شانازییەکی گەورەیە و پەیامێکی ڕوونیشە بۆمان بەوەی کە لە داهاتوودا ئەرکمان قوورسترە و دەبێت لە هەولێرێ خزمەتی زیاتر بکەین..

ڕێواز فایەق

یەکێتی

هەڵبژاردنی عێراق

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 43 Today: 255 📊 Click Here