دواکەوتنی مووچە، جگە لە فەرمانبەران، کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر کاسبکاران و شۆفێرانی تەکسی دروستکردووە. شۆفێران دەڵێن، بەهۆی نەبوونی پارە لە دەستی خەڵکدا، کارەکانیان بۆ زیاتر لە نیوە کەمیکردووە و زۆربەی کاتەکانیان بە چاوەڕوانییەوە بەسەردەبەن.
لە شەقامە سەرەکییەکانی شارەکانی هەرێمی کوردستان، سەدان تەکسی بەدوای سەرنشیندا دەگەڕێن، بەڵام وەکو شۆفێرەکان باسی دەکەن، “سەرنشین زۆر کەمبووەتەوە”. شۆفێرێک دەڵێت، هیچ کات وەکو ئەم ماوەیە بێ ئیش نەبوون.
مام عەلی، شۆفێرێکی تەکسییە لە هەولێر و تەمەنی 58 ساڵە، راگەیاند: “جاران تاوەکو نیوەڕۆ گیرفانمان پڕ دەبوو، چونکە فەرمانبەر دەچوو بۆ دەوام و خەڵک دەرچوو بۆ بازاڕ. ئێستا لە بەیانییەوە لێرە وەستاوم، تەنیا دوو نەفەرم گەیاندووە. خەڵک پارەی پێ نییە تاکسی بگرێت”.
دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی، بووەتە هۆی وەستانی جووڵەی بازاڕ. ئەمەش کاریگەریی زنجیرەیی لەسەر زۆربەی پیشەکان دروستکردووە، کە یەکێکیان شۆفێرانی تاکسییە، چونکە بەشێکی زۆری کڕیارەکانیان فەرمانبەران و ئەو کەسانەن کە بۆ کاری رۆژانە سەردانی بازاڕ و فەرمانگەکان دەکەن.
ئارام، گەنجێکی شۆفێری تەکسییە و دەڵێت، “پێشتر رۆژانە 30 بۆ 40 هەزار دینارم کار دەکرد، بەڵام ئێستا ئەگەر 15 هەزار کار بکەم، دەبێت سوپاسی خودا بکەم. کرێی خانوو و قەرزی دووکانی گەڕەک لەسەرمان کەڵەکە بووە. نازانین چی بکەین، ئەم ستێرنە ساردبووەتەوە و چاومان لە دەستی خەڵکە کە ئەویش گیرفانی بەتاڵە”.
شۆفێرانی تەکسی چاویان لە بڕیاری حکومەتە بۆ دابەشکردنی مووچە، بەو هیوایەی دابەشکردنی مووچە، جارێکی دیکە خوێن بکاتەوە بە دەمارەکانی بازاڕ و جووڵە بگەڕێتەوە بۆ شەقامەکان و کارەکانیان.
شۆفێرێکی تەکسی لە هەولێر: هیچ کات وەکو ئێستا بێ ئیش نەبووین

جار خوێندراوەتەوە : (2)
کۆمێنت بۆ بابەتەکە بنووسە