ئەنداز خالید احمد
ئەگەر لەسەر کاغەز و لە ناو دەستووری عێراقدا پرسیار بکەیت: “کێ فەرمان بە حەشدی شەعبی دەکات؟” وەڵامەکە زۆر سادە و ڕوونە: فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان (سەرۆک وەزیران). بەڵام ئەگەر هەمان پرسیار لەسەر شەقامەکانی بەغدا، کەرکوک، یان لەناو زیندانە نهێنییەکان بکەیت، وەڵامەکەی جیاواز و تەواو ترسناکە: “هەموو کەسێک حوکمی حەشد دەکات، جگە لە دەوڵەتی عێراق!” ئەمڕۆ حەشدی شەعبی تەنها یەک هێز نییە، بەڵکو کۆمەڵێک ئیمپراتۆریەتی چەکدارییە کە هەر یەکەیان ئاغایەکی تایبەت بە خۆی هەیە و لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت بڕیار دەدات.
ئەو گفتوگۆ و مشتومڕانەی کە لەسەر پێکهاتە و سەربەخۆیی حەشد دەکرێن، ڕاستییەکی تاڵ دەردەخەن: حکومەتی عێراق تەنها ئەرکی “پارەدانە” نەک “فەرماندان”. باڵە سەرسەختەکانی حەشد، وەک کەتائیبی حزبوڵا، عەسائیبی ئەهلی حەق و بزووتنەوەی نوجەبا، ڕاستەوخۆ فەرمان لە سوپای پاسدارانی ئێرانەوە وەردەگرن، نەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق یان تەنانەت سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی خۆیشی! کاتێک سوودانی (سەرۆک وەزیران) دەیەوێت بڕیارێکی ئەمنی دەربکات یان ڕێگری لە هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەکان بکات، ئەم گرووپانە نەک هەر گوێی لێ ناگرن، بەڵکو بە ئاشکرا گاڵتەی پێ دەکەن و ئەجێندای خۆیان جێبەجێ دەکەن. ئەوان مووچە و چەکیان لە دەوڵەتی عێراقە، بەڵام دڵ و مێشکیان لە جێگایەکی ترە.
ئەم پاشاگەردانییە لە فەرماندەییدا، وایکردووە کە هەر فەرماندەیەکی لۆکاڵیی حەشد لە شارێکدا ببێتە حاکمی ڕەها. بۆ نموونە لە کەرکوک و ناوچە جێناکۆکەکان، فەرماندەیەکی بچووکی میلیشیاکان دەتوانێت بڕیاری دەستگیرکردن، داگیرکردنی زەوی، یان بڕینی ڕێگاکان بدات، بەبێ ئەوەی لێپرسینەوەی لێ بکرێت. لەولاشەوە، سەرکردە کوردەکان (پارتی و یەکێتی) کە بوونەتە خاوەنی سەدان کۆمپانیا، لەبری ئەوەی ئەم نادیارییەی حەشد وەک هەڕەشە ببینن و لە بەغدا فشار دروست بکەن بۆ کۆنترۆڵکردنیان، هەوڵ دەدەن لەگەڵ ئەو فەرماندە لۆکاڵییانەدا “ڕێکبکەون” تا بەرژەوەندییە بازرگانییەکانیان پارێزراو بێت!
سیاسەتمەداری فەرەنسی، کاردیناڵ ڕیشلیۆ، دەڵێت: “دەوڵەتێک کە نەتوانێت سوپاکەی کۆنترۆڵ بکات، ئەوا سوپاکەی دەوڵەت کۆنترۆڵ دەکات.” ئەمڕۆ لە عێراقدا، حکومەت نەیتوانیوە حەشدی شەعبی کۆنترۆڵ بکات، بۆیە حەشد تەواوی جومگەکانی دەوڵەت، پەرلەمان، و ئابووریی وڵاتی کۆنترۆڵ کردووە.
