ڕێباز عەلى
نزیکەی هەفتەیەک لەمەوبەر، هێزی دەلتا فۆرسی ئەمریکی لە ئۆپراسیۆنێکدا چوونە ئاسمانی ڤەنزوێلا، ئەو وڵاتەی دەیان ساڵە دژایەتی واشنتن دەکات و مادۆرۆی کۆنە سەرۆکیشی سوکایەتی نەما بە ئەمریکا و خودی دۆناڵد ترەمپی نەکات. تەنها لە ماوەی چەند خولەکێکدا، دەلتا فۆرس مادۆرۆ و هاوژینەکەیان دەستبەسەر کرد و بە فڕۆکەیەک هێنایاننەوە بۆ ئەمریکا و دادگایی دەکرێن..
مادۆرۆ سەرەڕای ئەوەی خۆی دژە ئەمریکا بوو، بە ئاشکراش دژایەتی ئەمریکای دەکرد، سەرقاڵی بازرگانیی مادەی هۆشبەر بوو، هاوکاریی ئێران و هەموو ئەو گرووپانەشی دەکرد کە راستەوخۆ دژی ئەمریکا بوون. ئەوەی نیکۆلاس مادۆرۆ، سەرۆکی ڤەنزوێلای گەیاندە ئەمڕۆ، جوڵە نالۆژیکییەکانی بوو بەرامبەر بە ئەمریکا، کە باوکی جیهانە و دەستی لە کون و کەلەبەری بەشی هەرە زۆری وڵاتانی دونیا وەرداوە. مادۆرۆ لە 2022 لەگەڵ عەلی خامنەیی، ڕێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران کۆبوویەوە و ڕێککەوتنامەیەکی 20 ساڵەیان لە بوارەکانی وزە، بەرگری، کوشتوکاڵ، گەشتاری و کولتوور واژوو کرد. نزیکبوونەوەی ئاشکرای مادۆرۆ لە ئێران و ڕووسیا، ئەمریکای توڕە کرد و هەوڵەکانی وڵاتەکە لە دژی چڕتر بوونەوە، تا کار گەیشتە ئەوەی ئەمریکا 150 فڕۆکەی سەربازی، هێزی دەریایی و وشکانی جووڵاند و مادۆرۆیان لە خەوی شیریندا بەرەو ئەمریکا ڕفاند.
لای خۆشمان مادۆرۆمان هەیە، مادۆرۆکەی سلێمانی! لەو جمووجۆڵە نامۆ و نابەرپرسانەی هێزەکانی یەکێتی لە سنووری سلێمانیی دەکەن، ئاخۆ ڕۆژێک ئەمریکا نەگەیەنێتە ئەو بڕوایەی بەرەبەیانێک هێزێکی هاوشیوەی دەلتا فۆرس، بێتە ئاسمانی سلێمانی و ئەو کەسانە بڕفێنێت کە بە کەرەستەی سەربازی و چەکی ئەمریکا، پشتێوانیی قەیس خەزعەلی، حەشدی شەعبی و بەرەی مقاومە دەکەن لە ناوچەکە! دژەتیرۆر و کۆماندۆ و هێزی ئەمنی، لە بەرژەوەندیی کەسیی خۆیان بەکاردەهێنن و کوچە و کۆڵانەکانی سلێمانی پڕ دەکەن لە تانک، تۆپ و زریپۆش و جاروباریش ڤلۆگیان پێ تۆمار دەکەن! خەڵکیان پێ دەستگیردەکەن و رۆژنامەنووسیان پێ دەکوژن! مادۆرۆکەی ئێمە و مادۆرۆکەی ڤەنزوێلا جیاوازییەکی وایان نییە! هەردووکیان بازرگانی مادەی هۆشبەرن، هەردووکیان ئۆپۆزسیۆن زیندانیی دەکەن و دەیانکوژن و خەڵکی دەچەوسێننەوە! بەو هیوایەی شەوێک دەلتا فۆرسی ئەمریکا بە چەند خولەکێک مادۆرۆکەی ئێمەش دەسگیربکات و نەجاتمان بێت لێی و بتوانین کەمێک هەوای ئازادی هەڵبمژین!
