خوێندراوەتەوە: (1.5K)

محمد سەردار جبار

جارێکیان کابرایەک ئەخەنە نێوان دوو هەڵبژاردنەوە و لێی ئەپرسن خورمات پێ خۆشە بۆت بێنین یان مێوژ؟ کابراش حەزی لە هەردووکیانە لە هەمان کاتدا و ناتوانێت دەستبەرداری هیچیان بێت، بۆیە دەڵێت خورمژ ، جا لە بەر ئەوەی هەڵبژاردنی سێیەمی نەبوو هەم خورماکەی لەدەستچوو هەم مێوژەکەیشی لەدەستچوو .

پارتی ئەگەر سەرتاپای سیاسەت و ئیدارەدانەکانی چەوت و خراپبن وە سەرجەم حیکایەتەکانیشی ناڕاست بن ، تاکە حیکایەتێکی هەیە ڕاست و لە جێی خۆیەتی بۆ حیزبەکانی یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ و بەرەی هەلوێست و لایەنە ئیسلامییەکان و حیزبەکانی تریش . کاتێ ئەڵێت ئێوە پێیەکتان لە نێو ئۆپۆزسیۆن و پێیەکیشتان لە دەسەڵاتە و حەزتان لە پۆست و پارە و ئیمتیازاتیشە و حەزیشتان لە هوتافی نێو شەقام و تەپڵ کووتانی نێو پارلەمانیشە.

تۆ ناکرێت بە دەستێک لە خۆت بدەی بۆ جەماوەر و بە دەستێکیش داوای پارە و پۆست و بەشە گەندەڵی بکەیت لە دەسەڵات .

تا ئێرە حیکایەتی پارتی ڕاستە بەڵام نا ڕاستەکەی ئەم گلەییەش ئەوەیە کە پارتیش حەز بەوە ناکات جەماعەتی خورمژیش خۆیان ساخ بکەنەوە و ئۆپۆسزیۆن بن ! بەڵکو شینی ئەو بۆ ئەوەیە ئەمان بە خاوخێزانی حزبەوە واتا سەرکردایەتی و بنەکردایەتیشەوە لە ناو دەسەڵات بن و سەری بۆ بلەقێنن چونکە پارتی باش ئەزانێت کە ئەم بە تەنها خۆی بڕیاردەرە و کەسیشی بە شەریکی ڕاستەقینە قبووڵ نیە، بگرە ئەو شەریکی ناوێ ئەو تەنها خەریکی ئەوێت ، ئەو حەز ئەکات هەموو بە ناو شەریکەکانی لە بەردەمی کامێڕا و لە کۆڕ و کۆبوونەوە نا فەرمییەکان دەوری بدەن و پێ بە پێی بچنە نێۆ باڵەخانەکانی بڕیاردان هەتا بەر دەرگای ژوورە تاریکەکەی بڕیاردان و لەوێدا دەبێت شەریکەکان لە بەردەم مێزی سکرتێرە جامانە سوورەکە بوەستن و خەریکی پیشخواردنەوە و هاتوچۆ بن، هەرکاتێکیش خۆی هاتە دەرێ پێیان بڵێت هەموو شتەکان باشن و بە دە پەنجە ئیمزای بکەن و هەر کەسە تورەکە پارەی خۆی وەربگرێ و بە پێکەنینێکی درێژ لە بەردەم کامێڕاکانی دەرەوە بڵێن کۆبوونەوەیەکی سەرکەووتوومان ئەنجامدا و ئایندەمان گەشە . واتە ئەو شەریکی ڕاستەقینەی دەسەڵاتی ناوێت بەڵکو خەریکی ئەوێت یان شەریکی گەندەڵی و ئیدارە و سیاسەتی خراپی ئەوێت . چونکە پارتی باش ئەزانێت کە بووەتە هۆکاری بەدیهێنانی ئەرزییەتێکی وەها بە پیت بۆ گەشەکردنی ئۆپۆسزیۆنێکی بەهێز دژ بە خۆی کە بتوانێت پایەکانی نەک لە هەولێر بگرە لە دهۆکیش بلەقێنێت . بۆیە هەمیشە پارتی خەریکی نەوتاوی کردن و گەندەڵکردن و تەپکەنانەوەی ڤیدیۆیی و دەنگییە بۆ بەشێک لە سەرکردایەتی ئەو لایەنانەی دیکە، بۆ ئەوەی جگە لە ڕووە جوانەکەیان ، ئەو ڕووەشیان نیشانی جەماوەرەکەیان بدات تا هێزی کۆکردنەوەی جەماوەر لە دەست بدەن . بەمەش پارتی لە سیاسەتی خورمژ بێ بەش نیە ، دیقەت بدەن پارتی هەمیشە لە دابەشکردنی پۆست بە سەر شەریکەکانیدا زۆرێک پۆست بە بەتاڵی ئەهێڵێتەوە تا ناوەڕاست یا کۆتاییەکانی کابینەکە ، ئەم پۆستانەش هێزی یاری کردنی پێ دەبەخشن ، یاریکردنێک کە هەم شەرێکەکانی ئەهێڵێتەوە لە نێو دەسەڵات و هەم لە پێش چاوی جەماوەرەکانیان لێکچوونی خۆی و لایەنەکانی دیکە زەق ئەکاتەوە بەوەی هەر کات بۆنی ئۆپۆسزیۆن بوونی کرد بە چەند پۆستێک دەمیان چەور ئەکات و دەماری ئۆپۆسزیۆن بوونیان خاو ئەکاتەوە . هەر بۆیە وەکو ئەوانی دیکە وایە ، نە ئەوەتا دەستبەرداری لایەنەکانی دیکە بێت و بە تەنها نموونەی حکومڕانی جوان و ڕەشید پێشکەش بکات ، نە بەشداری ڕاستەقینەش بە بەشداربووانی کابینەکەی ئەکات ، بۆیە هەموو لایەنەکان خورمژیان ئەوێ ، وەهاش بڕوات نە پارتی ئەتوانێ بەم جۆرە دەسەڵات قۆرخ بکات و نە لایەنەکانی دیکەش ئەتوانن جەماوەر لە خۆیان کۆبکەنەوە و هەمووان وەکو ئەو کابرایەی لای سەرەوە هەم خورماش لە دەست دەدەن و هەم مێوژیش .

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 148 Today: 539 📊 Click Here