ڕێباز عەلى
دوو ساڵێک لەمەوبەر مامۆستایەکی دیاری ئایینیی هەرێم بەناوی مامۆستا سۆران تەوحیدی دەستگیرکرا، دوای داتاشینی چەند سیناریۆیەک بۆی و تۆمەتبارکردنی بە تاوانی هاندان بۆ توندوتیژی و تیرۆر، حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، واتە چی؟ واتە ئەم مامۆستایە پشتگیریی لە تیرۆر دەکات!
دوای دووساڵ لەحوكمەكەی، مامۆستا سۆران تەوحیدی کە حکومەتەکەی هەرێم دەیوت ئەم کابرایە تیرۆسیستە، بەبڕیاری سەرۆکی ھەرێم ئازاد کرا، هەقی خۆمانە بپرسین كە لێبوردنێكی لەو جۆرە هەیە، خێرە شێروان شێروانیو برادەرەكانی بەمشێوەیه لەزیندان دەهێڵنەوەو گوێ لەداوای كەس ناگرن بۆ ئازادكردنیان!؟؟
ئێمە زۆر حەقمان بەسەر چۆنیەتی ئازادكردنەكەی مامۆستا سۆرانەوە نییە، بەڵام هەقە لەوەش بپرسین، ئاخۆ كاتی خۆی بەناهەق حوكمدراوە وا ئێستا مەرسومی تایبەتی بۆ دەردەكرێت؟ ئێ خۆ هیچ یەک لە تۆمەتەکانی سەر شێروان شێروانیش ساغ نەبوونەتەوە! کەچی تا ئێستا هەر لە زیندانە و یەک لەسەر یەک سیناریۆی نوێی بۆ دادەتاشن! ئەی بۆ لێبووردن ئەو ناگرێتەوە!؟ یان حوکمەکەتان حوکمی قەرەقوشە و کێتان بوێت بە ئارەزووی خۆتان دەیخەنە زیندانە و کێشتان بووێت بۆ راکێشانی سۆزی خەڵک بە مەرسومێک ئازادی دەکەن! بیرمان نەچۆتەوە چۆن مامۆستا ئیسماعیل سوسەییتان هێنایە سەر شاشە و وتتان ئەم کابرایە داعشە و پلانی هێرشکردنە سەر بینای پارێزگاری هەولێری داڕشتووە! ئەویشتان کرد بە تیرۆریست و دواتر پێش هەڵبژاردن ئەویشتان ئازاد کرد!
