ڕێبەر سەلیم
لە عێراق و هەرێمی کوردستان، هەڵبژاردن بەرەوپێش دەچێت بە ناوی دیموکراسی، بەڵام لە ڕاستیدا تەنها نمایشێکی سیاسی و درۆیەکی سپیە. ئەم پرۆسەیە بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان نییە، بەڵکو بۆ پاراستنی بەرژەوەندی حزبی و کەسی ئەو حیزبانەیە کە دەسەڵاتیان لە دەستە.
لە هەرێمی کوردستان، ماوەی ساڵێکە هەڵبژاردنی پەرلەمان بەڕێوەچووە، بەڵام تاکو ئەمڕۆ حکومەت پێکنەهاتووە؛ هۆکارەکەش ئەوەیە کە حیزبەکان لەسەر پۆست و پلە و بەرژەوەندی تایبەتییان ڕێکنەکەوتوون. لە نێوانیدا، کاروباری هاوڵاتیان و زۆر یاسا گرنگی هاوڵاتیان وەستاوه.
زۆرترین گەندەڵی و تاوانی سیاسی لە هەڵبژاردنەکان ئەکرێت؛ وەک پارەدان بۆ کڕینی دەنگ، ناردنی فەرمانبەران و کارمەندان بە زۆر بۆ دەنگدان، هەڕەشەی بڕینی مووچەکانیان ئەکەن، و تەنانەت بەخشینی پارە بۆ بەدەستهێنانی دەنگ. هەروەها تەخشان و پەخشانکردنی سامانی ووڵات بۆ خزمەتی حیزب و کاندیدەکان.
هەموو ساڵێک، هاوڵاتیان بەو بەڵێنانە دڵخۆش دەکرێنەوەی وەک هەلی کار، پڕۆژە خزمەتگوزاری، شەفافەیەت و سەروەری یاسا — بەڵام ئەوەی دەبینرێت، پێووتنی هەموو ئەم بەڵێنانەیە. پڕۆژەکان کەمە، هەلی کار نەماوە، مووچە بە مەودای سێ مانگانە درێژ دەکرێت، و یاسا بەدەست حیزبەکانەوە بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنرێت.
ئازادییەکان سنووردارکراون، ڕۆژنامەنووس و چالاکی ڕەخنەگر ترسێنراون، و دۆخێکی ئازاد بۆ وتەی ڕاست و ڕەخنە نییە.
