ئاکار قادر
ئەوەی لە دونیادا تەنها لە وڵاتە دواکەوتوو و دیکتاتۆرەکاندا بینیومانە، ئێستا بە فیعلی لە هەرێمی کوردستانی خۆماندا رۆژانە بە چاوی خۆمان دەیبینین! بە کوردی و بە کورتی، ئێستا ئێمەش بووینەتە هەرێمێکی دیکتاتۆری و عەسکەری!
حکومەت؟ کۆماندۆیە! شارەوانی؟ کۆماندۆیە! تەندروستی؟ لای کۆماندۆیە! مەکتەب ئەکرێتەوە؟ کۆماندۆ زەنگی یەکەم ڕۆژی خوێندن لێ ئەدات! کۆماندۆ ئەنێرن قەڵەم و جانتا دابەش بکات! جەژنە؟ کۆماندۆ گۆشتی قوربانی دابەش ئەکات! ئەوقاف و کاروباری دین و دنیای خەڵک؟ ئەویش لای کۆماندۆیە! کۆمەڵێک ڕیشداری کۆماندۆ نوێژی جەماعەت بۆ خەڵک ئەکەن! دەستگیرکردنی خەڵک؟ لای کۆماندۆیە! هەڵبژاردن؟ لای کۆماندۆیە! کردنەوەی چێشتخانە و رێستۆرانت؟؟ هەر کۆماندۆیە! سەردانی نەخۆش؟ هەر کۆماندۆیە!
لافاو لە چەمچەماڵ هەستاوە؟ یەک شۆفڵی شارەوانی نابینیت! کورە نەک هەر موڵک و ماڵی خەڵک، سەیارەکەی قایمقام ئاوبردی، کەچی هێزە بەحرییەکانی کۆماندۆیان هەڵڕشتووەتە ناو ئەو ئاو و قوڕاوەوە، پیرەژن لە کۆڵ ئەکەن و پیرەمێرد ماچ ئەکەن و مناڵ ئەپەڕێننەوە!
ئەدی ئەم پەپولانەی کۆماندۆ کێن؟ ئەم میهرەبانانە؟ ئەم مرۆڤدۆست و ئاژەڵپەروەرانە؟ وەڵا قوربان ئەو هێزە نازدارەن کە وتیان: گەورەم توخوا لێ گەڕێ با دانەیەکیان بکوژم! هەر ئەو پەپولانەن کە رۆژ نییە گەنجێکی خێر لەخۆنەدیو لەسەر چایەک و لەسەر فول لایتێک و قسەکردنێک نەکووژن!
بەس پێم بڵێن حکومەتەکەی قوباد تاڵەبانی کوا؟ دەسەڵاتی بافڵی برای کوا؟ ناڵێن لەودیو دێگەڵەوە مەسرور بارزانی هیچ فەرمانێکی ناخوا؟ نەتان دەوت هەر حیسابی بۆ ناکەین؟! ئەسڵەن قایمقام کوا؟ کەشناسی؟ هەر لای کۆماندۆیە! هێزەکانی کۆماندۆ سەردانی تەعزێیان کرد! هێزەکانی کۆماندۆ لە پێشانگای کتێبن! هێزەکانی کۆماندۆ جادەیان گرت، بەریان دا، بەڕۆژوون، شکاندیان! کوا حکومەتەکەتان؟ ئەگەر هەموو شت هەر کۆماندۆیە، بۆچی یەکجار نایکەنە نیزامێکی میلیتاریی عەشایەرییانە؟ خۆ هەر کردووتانەتە نیزامێکی عەشایەری و میلیشیایی!
