هۆشەنگ بەکر – چالاکوان
لە ڕۆژگاری ئێمەدا، ئازادی رادەربرین و دەنگدان بە بیروباوەڕە جیاوازەکان بنەمای هەر کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکن، بەڵام بەداخەوە، لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەم مافە گرنگە بە شێوەیەکی بەرچاو نەک هەر سنووردار کراوە بەڵکو دەتوانین بڵێین هەر نەهێڵدراوە، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان کە دەبێت دەنگی گەل بن، زۆرجار ڕووبەڕووی کوشتن و بریندار کردن و زیندانی کردن و هەڕەشە لێکردن دەبنەوە.
زیندانیکردنی رۆژنامەنووسان تەنها زیندانیکردنی تاکێک نییە، بەڵکو زیندانیکردنی ڕاستییە، کاتێک قەڵەم دەبێت بە تاوان، ئەوا کۆمەڵگا لە تاریکی نزیک دەبێتەوە، چالاکوانانیش کە بۆ پاراستنی مافەکان و باشترکردنی ژیانی خەڵک کار دەکەن، بەهۆی دەربڕینی ڕای خۆیان ڕووبەڕووی هەمان بارودۆخی ڕۆژنامەنووسان دەبنەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق بە گشتی.
ئاماری پێشێلكارییەكانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان لە هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٥ بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
١- گرتن و دەستبەسەركردن: (٣٤) حاڵەت.
٢- رێگرتن لە رووماڵکردن: (٥٣) حاڵەت.
٣- دەستدرێژی و رێگریکردن لە کار: (٢٢) حاڵەت.
٤- داوای یاسایی لەسەر بنەمای کاری ڕۆژنامەوانی: (٢٨) حاڵەت.
٥- هەڕەشە و تۆقاندن: (٧) حاڵەت.
٦- کوشتن و هەوڵدان بۆ تیرۆرکردن: (٢) حاڵەت.
٧- ڕاگرتنی پەخش: (٤) حاڵەت
٨- پێشێلکارییەکانی کۆمیسیۆنی راگەیاندن و پەیوەندییەکان: ٢١ حاڵەت
٩- ئەوانی تر: ١١ حاڵەت.
ئەم ئامارانە بەپێی دوایین راپۆرتی کۆمەڵەی بەرگری لە ئازادی رۆژنامەوانی و چالاکوانی بڵاوکراونەتەوە، بەڵام لەهەرێمی کوردستان تاکو ئێستا هیچ سەندیکا و ڕێکخراوێکی تایبەت بە بەرگری لەمافی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان داتاو زانیاری لەبارەی پێشێلکارییەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بڵاونەکردۆتەوە.
ئەوەی پێویستە بزانرێت ئەوەیە کە ئازادی ڕادەربرین هەڕەشە نییە بۆ سەر هیچ حکومەتێک، بەڵکو هێزێکی باشە بۆ گەشەکردن و چاکسازی، کۆمەڵگایەک کە دەنگی جیاواز تێیدا قەبوڵ ناکرێت، بە هیچ شێوەیەک ناتوانێت بەرەو پێش بچێت، لەهەر کۆمەڵگایەکدا ئەگەر دەسەڵات ڕێگای نەدا، ڕۆژنامەنووس و چالاکوان و میدیا بە ڕاستی کاربکەن و ڕێگا بکەنەوە بۆ ئەوەی هاوڵاتی لە ژیانێکی هۆشیاریدا بژی، ئەوا دکتاتۆریەت سەر هەڵدەدات.
لە کۆمەڵگا دیموکراسیەکاندا دەبێت دەسەڵات ڕێگا بدات بە ئازادی کاری ڕۆژنامەوانی و چالاکوانی، وە هەروەها لە لایەکی دیکەوە دەبێت گروپی ئازاد و فشار و تاکەکەسی سەربەخۆ دروست ببن، ئەگەر ئەمە ڕوونەدات ئەوا دیارە دەسەڵات لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەرەو دکتاتۆریەت هەنگاو دەنێت، لە کۆتاییدا پێویستە هەموو پێکەوە داوای ئازادی بۆ هەموو رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بکەین و داوا بکەین کە مافی ئازادی ڕادەربرین بە شێوەیەکی تەواو پارێزراو بێت لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا، کە بەداخەوە جێبەجێکردنی ئەو داواکارییە من بە خەونێکی دەبینم بۆ هەرێمی کوردستان و ووڵاتی عێراق بە گشتی.
