ئاکار فازیل جلال – چالاکوان
کاتێک باسی گەندەڵی و شکستی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، هەندێک جار هەوڵ دەدرێت تەنها یەکێک لە حیزبەکان تاوانبار بکرێت و ئەوی تر پاک بکرێتەوە.
ئەمە خۆی درۆیەکی گەورەیە کە دەبێت ڕوون بکرێتەوە: پارتی و یەکێتی، هەردووکیان بە یەکسانی بەرپرسن لە ئەو کارەساتە نیشتمانییەی کە ئێستا گەلی کورد تێیدا دەژی.
پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو حیزبێک کە ساڵانێکی زۆرە لە دەسەڵاتدایە، بەرپرسیارێتی سەرەکی هەیە لەسەر زۆربەی ئەو شکستانەی کە لە بوارە جیاوازەکاندا ڕوویاندا وەک لە گەندەڵی بەرفراوان، تاکو نەبوونی شەفافیەت لە بەڕێوەبردنی سامانی گشتی، تاکو پەروەردەی سیستمێکی پارتیبازی لە هەموو دامەزراوەکاندا، ئەمانە هەموو دەستکەوتی ساڵانێکی دوورودرێژی دەسەڵاتداریی پارتین.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستانیش وەک حیزبێکی تر کە بەشی زۆری دەسەڵات و سامانی لە دەستدایە، هاوبەشە لەم تاوانە نیشتمانییەدا، ئەگەر یەکێتی بە ڕاستی دژی ئەو سیاسەتە گەندەڵەبووایە، ئەوا دەیتوانی لە ماوەی ئەو ساڵانەی کە بەشداری حکومەتی کردووە یان دەسەڵاتی لە دەستدا بووە، ڕاستەقینە کاری چاکسازی بکات، بەڵام ئەوەی ڕوویدا ئەوە بوو کە یەکێتیش هەمان ڕێبازی پارتیبازی و بەشکردنی دەسەڵات و سامانی بەکارهێنا.
لێرەدا دەبێت بە ڕوونی بڵێین: ئەو سیستمە گەندەڵەی کە ئێستا هەرێمی کوردستانی تێدایە، بەرهەمی هاوکاری پارتی و یەکێتییە، ئەوان پێکەوە ئەو یاسایانەیان دەرکردووە کە دەسەڵاتیان پارێزراوە، پێکەوە ئەو سیستمەیان داهێناوە کە گەل لێی قازانج ناکات، پێکەوە بەرژەوەندیان لەسەر بەرژەوەندی نیشتمانی خستووەتە پێش، کاتێک پێویست بووە لە دژی گەندەڵی بوەستنەوە، هەردووکیان بێدەنگیان پاراستووە، کاتێک پێویست بووە لێکۆڵینەویان لێ بکرێت، هەردووکیان پشتیوانی یەکتریان کردووە.
ئەمڕۆ، هەردوو حیزبیش بە یەکسانی وەک کۆسپ لەسەر شانی گەلی کوردن، هەردووکیان بە ناوی خەڵک قسە دەکەن، بەڵام لە بەرژەوەندی خۆیان کار دەکەن، هەردووکیان بەڵێن دەدەن، بەڵام بەڵێنەکانیان جێبەجێ ناکەن، هەردووکیان لە قسەکانیان نیشتمانپەروەری بەدی دەکرێت، بەڵام کردارەکانیان پێچەوانەیەتی.
