دارەوان بەدرەدین
ئەگەر دەتەوێت بزانیت چەمکی “سەروەریی خاکی عێراق” چ درۆیەکە و تا چ ئاستێک بێمانایە، تەنها سەیری ئەو ڕووداوانەی ئەم دواییە بکە کە تێیدا بنکە و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لەلایەن فڕۆکەی نەناسراو و بیانییەوە بۆردومان دەکرێن. لە سەرەتای مانگی ئاداری ٢٠٢٦دا، شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنیی حکومەتی عێراق بە فەرمی دانی بەوەدا نا کە فڕۆکەی نەناسراو هێرشیان کردووەتە سەر بنکەی لیوای ٤٠ی حەشدی شەعبی لە باشووری موسڵ و چەند ناوچەیەکی تری نەینەوا، کە بەهۆیەوە چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتووەتەوە. بەڵام کارەساتەکە لێرەدا نییە کە هێرشەکە کراوە، بەڵکو لەوەدایە کە دەوڵەتی عێراق، کە گوایە حەشدی شەعبی بەشێکی فەرمییە لە هێزە چەکدارەکانی بەپێی یاسای ساڵی ٢٠١٦، تەنانەت ناتوانێت بزانێت کێ هێزەکانی دەکوژێت یان ئاسمانەکەی دەپارێزێت!
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کە حەشدی شەعبی تەنها بە ناو سەر بە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراقە. لە واقیعدا، ئەم هێزانە بەتەواوی لە دەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەتن و وەک وەکالەتێکی ئێرانی کار دەکەن و عێراقیان تێوەگلاندووە لە ململانێیەکی هەرێمایەتیی وێرانکەردا. هەر لەبەر ئەمەشە کاتێک بنکەکانی حەشد لە جوڕف سەخەر، عەکاشات، یان موسڵ دەکرێنە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان، بەغدا تەنها دەتوانێت بەیاننامەی ئیدانەکردنی لاواز دەربکات و پاساو بهێنێتەوە کە “سەروەریی عێراق پێشێل کراوە”. ئاخر دەوڵەتێک کە نەتوانێت ڕێگری لە میلیشیاکانی بکات هێرش بکەنە سەر وڵاتانی تر یان بنکەکانی ئەمریکا، چۆن دەتوانێت گلەیی ئەوە بکات کە خاکی وڵاتەکەی دەکرێتە ئامانج؟ ئەمە ڕێک ئەو دووڕووییەیە کە حکومەتی بەغدا پێی دەژی؛ پارەی قووتی میللەت دەداتە هێزێک کە بە ئارەزووی تاران دەجوڵێتەوە.
ئەمە تەنها شكستێکی سەربازی نییە، بەڵکو کارەساتێکی سیاسییە کە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دەکاتە قوربانی. کاتێک گروپەکانی وەک کەتیبەکانی حیزبوڵڵا و لیواکانی تری حەشد خاکەکە بەکاردەهێنن بۆ تاقیکردنەوەی درۆن و موشەکەکانیان لە چوارچێوەی “بەرەی مقاوەمە”، عێراق دەبێتە پاشکۆی شەڕێک کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندیی نیشتمانییەوە نییە. ئەو قوربانییانەی کە لەم هێرشە ئاسمانییانەدا دەکوژرێن، جا لە موسڵ بن یان بابل، باجی ئەو سەرکردە سیاسییە درۆزنانە دەدەن کە دەیانەوێت هم پارەی ئەمریکا بخۆن و هم بە فەرمانی سوپای پاسداران بجوڵێنەوە.
ئایا دەکرێت باس لە دەوڵەت و سەروەری بکرێت لە وڵاتێکدا کە فڕۆکەکان بە ئارەزووی خۆیان تەراتێن دەکەن و میلیشیاکانیش لەبری یاسا، فەرمان لە دەرەوەی سنوورەکان وەردەگرن؟ گەلانی ئەم وڵاتە تا کەی دەبێت لە ناو گێژاوی ئەم جەنگە بەوەکالەتەدا بسووتێن کە سەرکردە تائیفی و فاشیلەکانی بەغدا بۆیان دروست کردوون؟
