محەمەد حوسێن مەولوود – چالاکوان
کاتێک لە ٥ی ئازاری ١٩٩١دا، کڵپەی توڕەیی خەڵکی ڕاپەڕیوی ڕانیە و شارەکانی تری کوردستان کۆشک و تەلاری بەعسی ڕووخاند، گەل وەهای دەزانی سەردەمی کۆیلایەتی و ژێردەستەیی بۆ هەمیشە کۆتایی هات. بەڵام ئەفسوس، مێژوو سەلماندی کە مۆتەکەیەک بەڕێوەیە، مۆتەکەیەک کە زۆر لەوەی بەعس مەترسیدارتر بوو، چونکە ئەمەیان بە ناوی “کوردایەتی” و لە ژێر پەردەی “ڕزگاریخوازی”دا هاتە سەر حازری و ڕاپەڕینی لە گەل دزی.
ئەو دەسەڵاتەی ئەمڕۆ لە هەولێر و سلێمانی بەسەر تەرمی شەهیدانی ڕاپەڕیندا پیاسە دەکات، هەمان ئەو تاقمەن کە دوای ڕاپەڕین وەک “مێروولەی سەر سفرەی حازری” گەڕانەوە و هەموو دەستکەوتە جەماوەرییەکانیان بۆ بەرژەوەندیی تەسکی حیزب و بنەماڵەکانیان قۆرخ کرد. ئەوانەی ئەمڕۆ لە ناو کۆشکە سپی و زەردەکانیاندا خەریکی ژماردنی ملیارەها دۆلاری دزراوی نەوت و سامانی ئەم نیشتمانەن، هەمان ئەو بازرگانانەن کە خوێنی گەنجانی ڕانیە و هەڵەبجە و کەرکووکیان کردە پردێک بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتی ڕەها.
شەرمەزارییەکی گەورەیە، پاش 35 ساڵ، هێشتا باس لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین بکەین، لە کاتێکدا دەسەڵاتدارانی هەرێم گەورەترین خیانەتیان لەو ئامانجانە کرد. ئەوان تەنیا سامانی گەلیان نەدزی، بەڵکو شکۆی خاکی کوردستانیشیان هەراج کرد. کێ بوون ئەوانەی بۆ پاراستنی کورسییەکانیان، تانکی سوپای داگیرکەر و دوژمنیان هێنایەوە ناو جەرگەی پایتەخت و شارەکانی کوردستان؟ کێ بوون ئەوانەی دەستی بکوژانی کوردیان گرت و بۆ لەناوبردنی نەیارە ناوخۆییەکانیان ڕێگەیان بۆ خۆش کردن؟ مێژوو ناتوانێت ئەم پەڵە ڕەشە بشواتەوە کە بەهۆی کێبڕکێی گڵاوی ئێوەوە، هەزاران هاووڵاتی بێتاوان و ڕۆڵەی ئەم خاکە بوونە قوربانی و خوێنیان ڕژا.
ئەمڕۆ کوردستان لە سایەی ئەم دەسەڵاتە “هاتە سەر حازرییە”دا، بووەتە مەیدانی تەراتێنی سوپای تورک و پاسدارانی ئێران و پاشماوەکانی بەعس. ئێوە نەک هەر نەتانتوانی پارێزگاری لەو ئازادییە بکەن کە خەڵک بە خوێن دەستی خست، بەڵکو نان و بژێوی خەڵکتان کردە بارمتەی گیرفانی خۆتان. گەنجی ئەم وڵاتە لەبری ئەوەی لە سایەی ڕاپەڕیندا سەرفراز بێت، ئێستا یان لە زیندانە سیاسییەکانی ئێوەدایە، یان لە دەریای غەریبیدا دەبێتە خۆراکی ماسییەکان.
پەیامی من لە ساڵیادی ڕاپەڕیندا ڕوونە: ئەو ڕاپەڕینەی لە ڕانیەوە دەستی پێکرد، هێشتا کۆتایی نەهاتووە. ڕاپەڕین دژی بەعس تەنیا نیوەی ڕێگەکە بوو، نیوەکەی تری ڕاپەڕین دژی ئەو دەسەڵاتە ستەمکار و نیشتمانفرۆشەیە کە 35 ساڵە نیشتمان وەک غەنیمەت دەبینێت. ئێوە نوێنەری ڕاپەڕین نین، ئێوە بکوژی خەونەکانی ڕاپەڕینن.
ڕۆژێک دێت، هەمان ئەو شەقامانەی کە ڕژێمی بەعسیان ڕاونا، دەبنەوە بە گۆڕستان بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە خیانەتیان لە خوێنی شەهیدان و سامانی گشتی کرد.
