خوێندراوەتەوە: (189)

زانیار خەلیل – چالاکوان

٥ی ئازار ڕۆژێکی پڕ لە هیوا بوو بۆ خەڵکی کوردستان، ڕۆژی ئەوەی گەل بۆ نەهێشتنی ستەم و دروستکردنی سیستەمێکی دادپەروەر ڕاپەڕی، خەڵک خوێنیان دا بۆ ئەوەی کوردستان ببێتە شوێنێک کە تاک ماف و ئازادی تێدا پارێزراو بێت، نەک وڵاتێک کە شکۆ و کەڕامەتی هاوڵاتیانی تێدا ورد بکرێت و دەنگی ئازادی تێیدا بەزەبری هێز کپ بکرێت و قوتی ماڵ و خێزانی بەتاڵان ببرێت و وڵات لە نێوان دەسەڵاتی حیزبی دابەش بکرێت و کوردستان ببێتە ماڵی حیزب و بەرژەوەندیی تایبەتی. ئەوەی ئەمڕۆ دەبینرێت وەک بێ ڕێزییە بەرامبەر بە خوێنی ئەو شەهیدانەی کە لە ساڵی ١٩٩١ ڕشتیان بۆ کوردستانێکی ئازاد و یەکسان بۆ هەموو هاوڵاتیان.

ڕاستییەکە ئەوەیە کە زۆرێک لە ئامانجەکانی ڕاپەڕین لە ژێر دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان دا خنکا. ئەگەر گەندەڵی، حیزبایەتی و دابەشبوونی دەسەڵات لە نێوان ئەو دوو حیزبە نەبووایە، ئێستا ئامانجەکانی ٥ی ئازار تەنها یادکردنەوە نەدەبوو، بەڵکو ڕاستییەکی ڕۆژانەی ژیانی خەڵک دەبوون. ئەوەی دەبوو ببێتە سیستەمێکی پاک و خزمەتگوزار بۆ گەل، گۆڕا بۆ سیستەمێک کە حیزب بەسەر هەموو شتێک زاڵە. کوردستانی ئەو ڕۆژە خەڵک بۆی ڕاپەڕی بۆ ئەوە نەبوو کە دوای ساڵانێک هێشتا بڕیارەکان بە ناوی حیزب لە بەرژەوەندی حیزب بدرێن و بەرژەوەندیی گەل بەتەواوی وەلا بنرێت. ئەوەی دەبوو دەنگی گەل بێت، ئێستا گۆڕاوە بۆ دەنگی حیزب.

سی و پێنج ساڵ تێپەڕیوە، بەڵام بۆچی ئامانجەکانی ٥ی ئازار هێشتا لەژێر بارێکی قورس لە گەندەڵی و سیاسەتی دوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمی کوردستاندا خنکاوە؟ ئەگەر ڕاپەڕین بۆ ئازادی بوو، ئەوا بۆچی هێشتا خەڵک هەست دەکات کە دەسەڵات لەدەست گەل نییە، بەڵکو لەدەست حیزبەکاندا ماوەتەوە؟

من پێم وایە نەبوونی دەنگێکی دلێر و ئۆپۆزسیۆنێکی ڕاستەقینە هۆکاری بەردەوامی مانەوەی گەندەڵکارانە لە دەسەڵات ،وەهەروەها هەڵبژرادنی کەسانی بێ مەبدەئ کە بەئاسانی لەلایەن دەسەڵاتەوە دەتواندرێت ڕاو بکرێن بەلایەنی ماددی و تەرحکردننی بڕە پارەیەکی وا کە ڕەتکردنەوەی لەلایەن کەسانی بێ مەبدەئ مەحاڵە یانیش بە پێشنیارکردنی پێدابی پۆستی پلە باڵا پاشانیش چونە بەرەی گەندەڵکاران هۆکارێکی تری سەرەکیە.

٥ی ئازار نابێت تەنها ببێتە ڕۆژی یادکردنەوە و قسەی جوان. ئەم ڕۆژە هاوارو پەیامێکی توندی هەیە: خەباتی گەل نابێت بکرێتە ئامراز بۆ پاراستنی دەسەڵاتی حیزب و بنەماڵە و پاراستنی بەرژەوەندیەکانیان. ئەو ڕاپەڕینەی خەڵک کردی بۆ داماڵینی سیستەمێکی دیکتاتۆری، نابێت بگۆڕدرێت بۆ سیستەمێکی تر کە تەنها ناوەکەی گۆڕابێت. 

تاکەی خەڵکی کوردستان دەبێت بۆ هەمان ئامانجەکانی ڕاپەڕینی ١٩٩١ دەنگ هەڵببڕن؟

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 123 Today: 749 📊 Click Here