نووسینی: محمد حوسێن مەولوود
ئەمڕۆ ١٥ ساڵ بەسەر ڕووداوە خوێناوییەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١دا تێدەپەڕێت؛ ئەو وەرچەرخانە مێژووییەی کە تێیدا نەوەیەکی ڕاپەڕیو بە سینگی سپی و بە هاواری “نان و ئازادی” ڕووبەڕووی لولەی تفەنگی میلشیا حیزبییەکان بووەوە. ١٥ ساڵ لەمەوبەر، خوێنی (ڕێژوان و سورکێو و هاوڕێکانیان) شەقامەکانی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕینی سوور کرد، بەو ئومێدەی کۆتایی بە دکتاتۆرییەت و گەندەڵی بهێنرێت، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەیبینین، نەک هەر وەدیهاتنی خەونی ئەو شەهیدانە نییە، بەڵکو قۆناغێکی مەترسیدارترە لە “تیرۆری سیاسی و تاڵانیی نیشتمانی”.
لە ١٧ی شوباتی ٢٠١١ تا ١٩ی نیسانی هەمان ساڵ، دەسەڵاتی کوردی نیشانی دا کە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئامادەیە جەنگ لە دژی میللەتەکەی خۆی ڕابگەیەنێت. لەو ٦٢ ڕۆژەدا ١٠ گەنج شەهید کران و سەدانی تریش بریندار و کەمئەندام بوون. تاڵترین ڕاستی ئەوەیە کە دوای ١٥ ساڵ، بکوژانی ئەو شەهیدانە نەک هەر ڕاپێچی دادگا نەکراون، بەڵکو زۆربەیان لەناو دەزگا ئەمنییەکان و مەکۆکانی حیزبدا پلەی باڵایان پێ دراوە. ئەمە گەورەترین پێشێلکاریی “سەروەری یاسا” و “سەربەخۆیی دادوەرییە” کە لە مێژووی ئەم هەرێمەدا تۆمار کراوە.
ئەوەی ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت، ئیفلاسی سیاسییە. پەرلەمانی کوردستان، کە دەبوو ناوەندی بڕیار و چاودێری بێت، لەلایەن هێزە دەسەڵاتدارەکانەوە بە مەبەست پەکخراوە و کراوە بە دیوەخانێکی بێ ناوەڕۆک. تێپەڕبوونی ساڵێک و چوار مانگ بەسەر هەڵبژاردنەکاندا و پێکنەهێنانی حکومەت، بەڵگەی ئەوەیە کە حیزبە دەسەڵاتدارەکان هیچ باوەڕێکیان بە سندوقەکانی دەنگدان و ئیرادەی گەل نییە. ئەوان پرۆسەی دیموکراسییان تەنها بۆ شەرعییەتدان بە کورسییەکانیان دەوێت، نەک بۆ خزمەتی هاوڵاتیان. ئەمە پەکخستنی ژیان و داهاتووی نەوەکانی ئەم وڵاتەیە.
ئێمە چیتر لەبەردەم قەوارەیەکی سیاسیدا نین کە ناوی حکومەت بێت، بەڵکو لەبەردەم “کۆمپانیایەکی گەورەی دزیداین”. ئەم دەسەڵاتە هەموو سەروەت و سامانی ئەم وڵاتەی هەڕاج کردووە؛ لە نەوتەوە تا دەگاتە زەوی و زار و داهاتی ناوخۆ، هەمووی کراوەتە قوربانی گیرفانی بەرپرسان و حیزبەکان.
لە کاتێکدا فەرمانبەرانی ئەم هەرێمە ٣ بۆ ٤ مووچەیان لای دەسەڵات فەوتاوە و لە دۆخێکی دارایی خراپدا دەژین، دەسەڵاتدارانی هەرێم لەبری قەرەبووکردنەوەی خەڵک، داهێنان لە “ڕووتاندنەوەی گیرفانی هاوڵاتیان” دەکەن. دانانی سیستەمی “کارەبای ٢٤ سەعاتی” لە ڕێگەی کۆمپانیا حیزبییەکانەوە، هیچ نییە جگە لە پلانێکی نوێ بۆ تاڵانکردنی ئەو پارە کەمەی لە گیرفانی خەڵکدا ماوەتەوە. ئەمە خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو “بازرگانیکردنە بە پێداویستییە سەرەتاییەکانی ژیانەوە”.
لێرەوە، وەک ئەرکێکی نیشتمانی و مرۆیی، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئاگادار دەکەینەوە کە:
١. لە هەرێمی کوردستان، دیموکراسی تەنها پەردەیەکە بۆ داپۆشینی حکومەتی میلشیا و بنەماڵە.
٢. بکوژانی خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات هێشتا ئازادن و لەناو جومگەکانی دەسەڵاتدا پارێزراون.
٣. هێزە سیاسییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی ڕێگری لە پێکهێنانی حکومەت دەکەن و دامەزراوە شەرعییەکانیان ئیفلیج کردووە.
٤. قووتی خەڵک و مووچەی فەرمانبەران وەک چەکێکی سیاسی لە دژی هاوڵاتیان بەکاردەهێنرێت.
ئێمە بێدەنگ نابین لەبەرانبەر ئەم هەموو ستەم و نادادییە. خوێنی شەهیدانی ١٧ی شوبات و هاواری دایکی شەهیدان، مۆتەکەیەک دەبێت بۆ هەموو ئەو بکوژ و دزانەی کە وڵاتیان هەڕاج کردووە. تا گەڕانەوەی شکۆ بۆ یاسا و دادگایی کردنی تاوانباران و کۆتاییهێنان بە حکومەتی “کۆمپانیا”، خەباتی مەدەنی و سیاسی ئێمە بەردەوام دەبێت.
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگای ئازادی..
شەرمەزاری بۆ دزان و وڵاتفرۆشان..
