صالح مستەفا عبداللە
بڕیارە رۆژی ١١-١١-٢٠٢٥ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەبچێت، ئەو هەڵبژاردنەی کە بە بڕوای بەشێک لە چاودێران ئەنجامەکەی پێشتر دیزاین کراوە و دەنگدانی هاوڵاتییان تەنها ڕووکەش و نمایشێکی دیموکراسییەکی ساختەیە لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە دونیادا یەکێک لە هۆکار و ئامرازەکانی گۆڕین و دەستاودەستکردنی دەسەڵاتی سیاسی و پارتی حکومڕان، هەڵبژاردنە کە هەموو چوار ساڵ جارێک دەکرێت لە هەندێک وڵاتدا پێنچ ساڵ جارێک .بەڵام تاوەکو ئێستا ئەم پرۆسەیە نەبووە بە هۆکار و ئامڕاز بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی لە مێژینەی پارتە حکومڕانەکان، زیاتر لە شانۆگەرییەکی گاڵتە ئامێز دەچێ، پێشوەختە سیناریۆ و نەتیجەکەی دانراوە.
ئەم وایکردووە، هاوڵاتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان بە تەواوی لەوە بگەن، ئەم پڕۆسەیە جگە لە مەشغوڵکردنی خەڵک و بەخشینەوەی ئەندام پەڕلەمانی وەک وەک دیارییەک، لەلایەن حیزب و بنەماڵەوە بۆ کۆمەڵێک کەس و کادیری حیزبی، وسەرۆک عەشیرەت هیچی دیکە نییە!.
لەگەڵ دەنگۆی دیزاینکردنی پێشوەختەی هەڵبژاردن، بەڵام بەشداریی هاوڵاتییان هەر گرنگە، چوونکە ئەگەر ترووسکاییەک مابێت بۆ کۆتایهێنان بە دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی تەنها هەڵبژرانە، گرنگە هاوڵاتیی لە رۆژی ١١-١١ بچێتە سەر سندووقی دەنگدان و پەیامی نارەزایی خۆی بگەیەنێت.
لە هەرێمی کوردستان راستە ئۆپۆزسیۆن لە ئاستێکی لاوازدایە، یان هەندێکجار ئۆپۆزسیۆن درووستکراوی دەسەڵاتە، بەڵام هێشتا هەندێک پارت و کەسایەتی لە ناو گۆڕەپانەکەدان کە دەکرێت متمانەیان پێبکرێت.
بایکۆت چارەسەر نییە، بەڵکوو کردنەوەی دەرگایەکە بەڕووی پارتی و یەکێتی بۆ ئەوەی ساختەکاریی بکەن، چوونکە ئەگەر هاوڵاتییەک بایکۆت بکات و دەنگ نەدات، ئەوا زۆر ئاسانتر دەتوانرێت دەنگی لە جیاتی بدرێت.
لەزۆربەی وڵاتان پارتە کان لەکاتی هەڵمەتی هەڵبژاردن پرۆژەو بەرنامەی کابینەکەیان خەلک و دەنگدەر ڕوون دەکەنەوە بەڵام لەهەرێمی کوردستان بەپێچەوانەوە تەنها خەریکی درووشمی بێ کردارو شەڕە پەڕۆ و وەڵام و وەڵامدانەوەی یەکتربوون، هیچ قسە و کردارێکی جدییان پێ نەبوو بۆ خزمەتکردنی خەڵک.
بۆیە رۆژی ١١-١١ ئەو دەرفەتە گرنگەکە لەدەست مەدەن، بە گیانی تۆڵەوە بڕۆنە سەر سندوقی دەنگدان، تۆڵەی بێ مووچەیی، گەندەڵیی، نادادیی، چەوساندنەوە، زیندانیکردن بکەنەوە، کوشتن و رفاندن و بێدەنگردنی دەنگە ئازاکان لە بیر مەکەن، سەدان گەنجی خێرلەخۆ نەدیوی ئەم نیشتیمانە لە ترسی کوشتن و دەستگیرکردن ئێستا دوور لە نیشتیمان ژیان دەگوزەرێنن، گرینگە بەدەنگەکانتان تۆڵەلە پارتی و یەکێتی بکەنەوە لەبیرتان بێت هەموو ئەمانە لە ژێر چەتری دوو حزب و بنەماڵە بەسەر ئەم میللەتەدا هاتووە!!!
