ماوەی زیاتر لە ١٠ ساڵە، کارمەندانی ھەرێمی کوردستان بەدەست دواکەوتنو لێبڕینو نەدانی مووچەوە گیرۆدەن، حکومەتی ھەرێم ئۆباڵەکەی دەخاتە ئەستۆی حکومەتی عێراقو حکومەتی عێراقیش ھۆکارەکەی دەگەڕێنێتەوە بۆ پابەندنەبوونی حکومەتی ھەرێم بەو خاڵانەی لەسەری رێککەوتوون، مامۆستایەک دەڵێت “کورد ھەمووی چاوەڕوانی ھاتو نەھاتی مووچەیە”.
فەرھاد، مامۆستایەکی تەمەن ٤٤ ساڵەو داو بێداییەتی لەدەست ئەوەی وا دوو مانگە مووچەی وەرنەگرتووە، دەبێت کرێ خانوو بدات، پارەی موەلیدەو ئینتەرنێتو منداڵو پێداویستییەکانی ماڵ دابین بکاتو ئەوەی لەساڵانی رابردوودا پاشەکەوتی کردبوو، دەستی تێخستووەو وا خەریکە لەبن دێت، ئەو وتی “ئەمشەو تەلەفونم بۆ برایەکم کرد، کە ملیۆنیک دینارم بەقەرز بداتێ، ئەوەندە چاوەڕوانی ھاتنی مووچەمان کرد تووشی مەراقو ھەزار دەرد بووین. مانگێک نییە لەکاتی خۆیدا بدرێت. ئاخر کەی رەوایە مییللەتێک لەچاوەڕوانی مووچەدا رۆژو مانگو ژیانی بەسەرببات؟!”.
وتیشی “کێشەی مووچە کۆتایی نایەت، ساڵ بەساڵ ئەم دۆخە خراپتر دەبێو خەڵک ھیوای بەھیچ نەماوە”.
ئەمە لەکاتێکدایە کە تا ئێستا فەرمانبەرانی ھەرێمی کورستان نزیکەی ٦٠ مووچەیان یان وەرنەگرتووە یاخود بەلێبڕینەوە وەریانگرتووەو ھیچ باسێکیش سەبارەت بەو مووچە فەوتاوانە ناکرێت. دواکەوتنی مووچەو درێژەکێشانی قەیرانی دارایی کاریگەریی بەسەر دۆخی بازاڕو وەبەرھێنانو کۆی ئیشوکاری دامودەزگاکانی حکومەتەوە دیارە.
محەمەد عەبدوڵا، کە کاری بازرگانی دەکات ئاماژە بەوە دەکات دواکەوتنی مووچە، بازاڕی بەتەواوی پەکخستووە، ئەو وتی “ھەموو کاتێک دواکەوتنی مووچە کاریگەریی گەورەی لەسەر بازرگانیو کۆی ئیشوکاری بازاڕ دەبێت، بەئەندازەیەک ھەندیکجار کە زۆر دوادەکەوێت بازاڕ چۆڵی پێوە دیارە، بەپێچەوانەشەوە کە مووچە دەدرێت پارەیەکی زۆر دەڕژێتە بازاڕەوەو بازرگانیو هەموو شتێک جوڵەیەکی زۆری تێدەکەوێت”.
وتیشی “لەمانگی رابردوودا بێ بازاڕییەکی گەورە بەزۆربەی ئیشوکارەکانەوە دیارە”.
کێشەی مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی کوردستان، زیاتر لە ١٠ ساڵە بەردەوامە، شاندەکانی حکومەتی ھەرێم بەدرێژایی ساڵانی رابردوو بەڕێی بەغداوە بوونو چەندان کۆبوونەوەیان کردووە، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتونەتە چارەسەرێکی بنەڕەتی، ئەم کێشەیە بەچەند قۆناغێکی جیاوازدا تێپەڕیوە، لەوکاتەوە کە حکومەتی ھەرێم پلانی ئابوری سەربەخۆی راگەیاندو نەوتی فرۆشت، تا قەدەغەکردنی فرۆشتنی نەوت بەشێوەی سەربەخۆو رێککەوتن لەسەر ئەوەی لەڕێگەی سۆمۆوە نەوتی ھەرێم بفرۆشرێت، بەڵام تا ئێستا هەرێم نەوتی هەناردە نەکردوەتەوە.
سۆران عومەر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات تا حکومەتی ھەرێم پابەند نەبێت بەرادەستکردنی نەوتی ھەرێمو داھاتی ناوخۆ بەحکومەتی عێراقو حسابی بانکی فەرمانبەرانی ھەرێم تەوتین نەکات، کێشەی مووچە تا ئایندەیەکی نادیار بەردەوام دەبێت، ئەو بەئاوینەی وت “پێویستە ھەرێمی کوردستان داھاتی ناوخۆ بداتە بەغدا، ھەروەھا پێویستیشە حسابی بانکی فەرمانبەرانی ھەرێم تەوتین بکرێن لەبری ھەژماری من، بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بێتو بودجەشمان بۆ بێت. ئەگەر حکومەتی ھەرێم پابەند نەبێت بەفرۆشتنی نەوت لەڕێگەی سۆمۆوەو داھاتی نەوت رادەست نەکات، خەڵکی ھەرێم دەبێت بەقوربانی، عێراق بڕیاری داوە ئەم پابەندبوونە نەبێت مووچە نادات بەهەرێمی کوردستانو پشکی خۆی لەداھاتی عێراق وەرناگرێت، مەگەر حکومەتی ھەرێم خۆی بەناچاری چارەکە مووچە بدات، ئەمەش بەقوربانیکردنی فەرمانبەرانی کوردستانە لەبەر تاڵانییەکەی خۆیان”.
وتیشی “عێراق بەھەژماری منیش رازی بوو، بەڵام بەو مەرجەی لەکۆتاییدا کە لیستی مووچە دەنێرن، ژمارە حسابی ئەو فەرمانبەرانە بنێرن کە ھەژماری منیان ھەیە، بەڵام حکومەتی ھەرێم بەوەش رازی نەبوو، دوو مانگە خەڵک بێ مووچە کراوە لەسەر زانیاری ھەڵە، ٣٣ ساڵە دەسەڵاتدارانی ھەرێم داھات دەبەنو چەند ساڵێکیشە نەوتەکە دەفرۆشنو پارەکەی دەبەن، دەشڵێن خەتای حکومەتی عێراقەو دەیەوێ پارە بنێرێت!”.
ماوەی چەند ھەفتەیەکە ھەوڵی بەردەوام دەدرێت بۆ چارەسەری کێشەی نێوان ھەرێمو بەغدا، کە زۆرجار بەجۆرێک لەگەشبینی باسی ئەم ھەوڵو گفتوگۆیانە دەکرێت، بەڵام تا ئێستا ئەم ھەوڵانە بێ ئەنجام بوونو ماوەی دوو مانگیشە لەکوردستان مووچە نەدراوە.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق ئاماژە بەوە دەکات بڕیارەکەی تەیف سامی سەبارەت بەخەرجنەکردنی موچەی مانگانەی ھەرێمی کوردستان، پێچەوانەی یاسایە، ئەو وتی “ئەم جۆرە بڕیارو بیرکردنەوانەی ئێستا لەبەغدا پەیڕەو دەکرێت، درێژکراوەی عەقڵیەتێکی ناوەندگەرایی و قەومییە کە ساڵانێکی زۆر دژایەتی کوردو ھەرێمی کوردستانیان کردووە، مووچەو بودجە مافێکی دەستوریو یاسایی خەڵکی کوردستانەو نابێت تێکەڵ بەململانێی سیاسی بکرێت، سەڕەرای هەموو ئاسانکارییەکی حکومەتی هەرێم بەڵام بەغدا دەیەوێت مووچە وەک کارتێکی سیاسی بەرامبەر بەهەرێم بەکاربهێنێتو ئۆباڵی دواکەوتنی دەکەوێتە ئەستۆی حکومەتی عێراق”.
ھاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرپرسانی ھەرێم لەھەوڵی بەردەوامدان بۆ ئەوەی لەگەڵ بەغدا بگەنە خاڵی ھاوبەشو رێککەوتن، بۆ ئەوەی کێشەی مووچە چارەسەر بکرێت، ئەو وتی “شاندی حکومەتی ھەرێم لەدوا سەردانیدا بۆ بەغدا کۆمەڵێک راسپاردەو پێشنیاری داوە بەحکومەتی عێراق بۆ ئەوەی لەسەر کێشەی مووچە رێکبکەون، بەڵام حکومەتی عێراق تا ئێستا ئامادەیی دەرنەبڕیوە بۆ گەیشتنە رێککەوتن”.
ئەمە لەکاتێکدایە مامۆستایانو فهرمانبهرانی کوردستان داوای موچهكانیان دهكهن كه ماوهی نزیكهی ٦٠ ڕۆژه وهریان نهگرتووهو هێشتا حكومهت پلانی بۆ دابهشكردنی موچهی مانگهكانی (ئایار/٥)و (حوزهیران/٦) ڕانهگهیاندوهو وە (مانگی تەموز/٧)یش هات
خوێندراوەتەوە: (6.3K)
