خوێندراوەتەوە: (3.9K)




لە چەند رۆژی رابردوودا چەند ناوچەیەکی کەرکووک، دهۆک، سلێمانی و هەولێر بە درۆن و مووشەک کرانە ئامانج. لایەنی پەیوەندیدار تێکشکانی رادارەکان بە هۆکاری زوو ئاشکرا نەکردنی ئەنجامدەران دەزانێت. پەنجەی تۆمەت ئاراستەی گرووپە چەکدارەکان دەکرێت و بەشێکی ئەوانیش تۆمەتەکە رەتدەکەنەوە.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگریی عێراق راگەیاند، “لە کۆی سێ رادار، دووانیان لەکارخراون، ئەوەش لەکاتی جەنگی ئێران و ئیسرائیل. یەکێکیان لە بەغدا و ئەوی دیکە لە ناسرییە بوو. ئێستا تەنیا راداری بەشی رۆژئاوا کار دەکات و ئەوەش بەس نییە بۆ بەدواداچوونی ئەو بابەتە.”

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی، “لیژنەی هەواڵگریی وەزارەتی بەرگری بەدواداچوونی دەستپێکردووە، دامودەزگا ئەمنییەکانی دیکەش هەمان هەنگاویان گرتووەتەبەر، بەڵام لەبەر نەبوونی رادار، کارەکان قورس دەبن و بەدواداچوونەکان کاتی زیاتریان پێویست دەبێت.”

لەبارەی هەمان بابەت مەهدی کەعبی، ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی لە بزووتنەوەی نوجەبا  گوت، “ئێمە وەک بزووتنەوەی نوجەبا، بە هیچ شێوەیەک بەشدار نین لەم هێرشانەی ئەم دواییانە کە بە مووشەک و درۆن دەکرێن.”

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی سیاسیی نوجەبا دڵنیایی دا لەوەی “لێکتێگەیشتن لەنێوان حکومەت و بەرەی موقاوەمەی عێراقی هەیە بۆ بە ئارامی هێشتنەوەی دۆخەکە و، ئەنجامنەدانی هیچ جۆرە هێرش و جموجۆڵێکی سەربازی.”

کەعبی گوتیشی، “راکێشانی پەنجەی تۆمەت بۆ ئێمە و گرووپەکانی دیکەی بەرەی موقاوەمە، تاڕادەیەک پەیوەندیی بە نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەوە هەیە. ئێمە دەزانین دۆخی ناوچەکە ناسەقامگیرە و بەرگەی هیچ ئاڵۆزییەکی دیکە ناگرێت.”

لە لایەکی دیکەوە محەممەد بەیاتی، بەرپرسی رێکخراوی بەدر لە کەرکووک  گوت، “هیچکات حەشدی شەعبی و بەدر هەوڵ بۆ ئەنجامدانی هێرشی لەو شێوەیە نادەن، بەتایبەتی لەم ساتە هەستیارەدا. خۆمان بە خاوەن ماڵ دەزانین و خاوەن ماڵیش زیان لە ماڵی خۆی نادات.”

ئەو بەرپرسەی رێکخراوی بەدر ئاماژەی بەوەش کرد، “هەڕەشەی داعش هێشتا ماوە، یەکێک لە ئەگەرە بەهێزەکان ئەوەیە پێدەچێت بکەرانی ئەو هێرشانە چەکدارانی داعش بن، چونکە ئەوان هێشتا جموجۆڵی سەربازییان ماوە.”

بە بڕوای بەیاتی، دەزگا ئەمنییەکان بکەرانی ئەو هێرشانە دەدۆزنەوە و بە سزای یاساییان دەگەیێنن.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی کە ئایا دەکرێت سەرچاوەی هەڵدانی بەشێک لەو درۆن و مووشەکانە لە دیالەوە بێت، تورکی عەتەبی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە  راگەیاند، “راستە حەشدی شەعبی لە دیالە هەیە و لە بنکەکانیاندا جێگیرن، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگەیەک لەبەردەستدا نییە کە بیسەلمێنێت سەرچاوەی هەڵدانی مووشەک و درۆنەکان لەم سنوورەوە بووبێت.”

عەتەبی گوتیشی، “دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە دەکەن و لە ئەگەری دەستکەوتنی هەر بەڵگەیەکی پێویست، رای گشتی ئاگادار دەکەینەوە.”

شەوی رابردوو دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە سلێمانی کەوتنە خوارەوە کە یەکێکیان لە تاسڵوجە و ئەوەی دیکە لە فەرماندەیی هێزەکانی 70 بوو. عەقید سەلام عەبدولخالق، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی هەرێم  راگەیاند، “هێزە ئەمنییەکان لە لێکۆڵینەوەدان بۆئەوەی ئاشکرای بکەن ئەو دوو درۆنە بۆمبڕێژکراوە هی کێن و لە کوێوە ئاراستە کراون.”

پاڵاوگەی بێجیش بەشێک بوو لە ئامانجی هێرشەکان. سەیف موهەننەد، بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین  راگەیاند: “دوێنێ بە چەند درۆنێکی بۆمبڕێژکراو هێرشکرایە سەر پاڵاوگەی بێجی لە پارێزگاکەمان، بەڵام بەرگریی ئاسمانی پاڵاوگەکە توانی بیانخاتە خوارەوە و هیچ زیانێک بەر پاڵاوگەکە نەکەوت.”

لە میدیاکاندا باس لە هێرشی 12 درۆنی بۆمبڕێژکراو بۆ سەر پاڵاوگەکە دەکرێ. سەیف موهەننەد گوتی، “بەرگریی ئاسمانیی پاڵاوگەکە تەنیا دوو درۆنی خستە خوارەوە و هیچ بەڵگەیەک نییە کە بیسەلمێنێت 12 درۆن بووبن.”

لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکە، بەرپرسی راگەیاندنی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین گوتی، “تاوەکو ئێستا دیارنییە بکەری ئەو هێرشە کێ بووە و ئەمە یەکەمجاریش نییە هێرش دەکرێتە سەر ئەو پاڵاوگەیە، بەڵام هەندێک گرووپی چەکدار هەن لەو ناوچەیەدا باڵادەستن کە پاڵاوگەکەی تێدایە.”

رۆژی 30ی مانگی رابردووش، سێ مووشەکێکی کاتیۆشا لە پارێزگای کەرکووک کەوتنە خوارەوە. ئەحمەد کەرکووکی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگاری کەرکووک  راگەیاند، “دەزگا ئەمنییەکان لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونیان لە رووداوەکە دەستپێکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارەکانیان تەواونەبوون.”

دوێنێش دژەتیرۆری کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، “بەرەبەیانی ئەمڕۆ سێشەممە 1ی تەممووزی 2025، کاژێر 00:30، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە کەمپی دەرکارێ لە سنووری ناحیەی دەرکارێی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ کەوتە خوارەوە، خۆشبەختانە جگە لە زیانی مادی، هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە.”

22ی حوزەیرانی 2025یش دژەتیرۆری کوردستان بڵاویکردەوە، “ئەمڕۆ کاژێر 17:10 لە نزیک گوندی دارەبەنی سەر بە پارێزگای هەولێر، دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو تێکشکێندران و خرانە خوارەوە؛ هیچ زیانێکی مادی و گیانییان لێ نەکەوتەوە.”

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *

👤
Live: 44 Today: 1,512 📊 Click Here