جێگر سەلێمان ساڵح
لەم چەند رۆژەی پێشوودا، بە سوتفە پارچەیەک ڤیدیۆی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتە ماوەبەسەرچووەکەم بەرچاو کەوت، تیایدا کۆمەڵێک بەڵێن و قسەی سواو و دووبارەی بۆ هاوڵاتیان دەکردەوە، رووی دەمی کردبووە گەنجان و پێی دەوتن، ئێوە بناغەی ئەم وڵاتەن و سەرکردەکانی دواڕۆژن! سەرکردەی دواڕۆژ!؟ 
دیارە جەنابی براگەورە بیری چووەتەوە، کە ٧٥ دانە ساڵە، سێ کەس سەرکردەی ئێمە بوون، باپیرت و باوکت و ئێستاش جەنابت. کەچی دەتەوێ گەنجی ھەژار و بێکاری کوردستان رازیبکەیت کۆچ نەکەن و پێماندەڵێی “مەڕۆن ئێوە سەرکردەی داھاتووی ئەم وڵاتەن”، بەڵام لە ساڵی ١٩٤٦ـەوە ھیچ کەس لەسەرووی بنەماڵەکەی جەنابتەوە نەبووە و دڵنیاشین بەمزووانە وازناھێنن، چونکە وا کوڕە نازدارەکەت لە پێشەوەی وەزیر و پەرلەمانتاران دادەنێیت و دەشتەوێ باوەڕ بە دروشمەکانت بکەین!
ھیچ پۆستێکی سیاسی، ئابووری و سەربازی کوردستان نییە بەدەست دوو بنەماڵەوە نەبێ، ھەموو پۆستە گەورەکان و کۆمپانیا زەبەلاحەکان و شوێنە ھەستیارەکان لە دەست دوو خێزاندا قۆرخکراوە، کەچی پێماندەڵێی ئێمە دەبینە سەرکردە! تائێستا کام گەنج لە دەرەوەی ئەم دوو خێزانە بوونەتە سەرۆکی حکومەت یان سەرۆکی ھەرێم و پۆستێکی ھەستیاری سەربازی و ئابووری؟ کەواتە، نەخێر ھەر ئێوە سەرکردەن.
بەڵام ئێوە سەرکردە نین بە مانا راستەقینەکەی سەرکردە، ئێوە وەک ئەو سەرکردە گەورانە نین کە وڵاتەکانیان دەبەنە کەناری ئارامی و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن، ئێوە لەوانەن کە خۆتان سەپاندوە بەسەر خەڵکدا و ئامادەنین وازبھێنن. 
ئێستاش نەک ھەر ھەزاران گەنج، بەڵکو ژن و منداڵ و پیر سەری خۆیان ھەڵدەگرن و وڵات بۆ یەکجاری بۆ ئێوە جێدەھێڵن، رەنگە رۆژێک بێت ھەر خۆتان بمێننەوە و کەس نەبێ حوکمی بکەن. 
بەڵام دڵنیابن کۆچی ئەمجارە جیاواز دەبێت و ئەنجامەکەشی جیاواز دەبێت، دڵنیابن ئەو ھەزاران گەنجە بێئومێد و ھەژارەی لە دەست زوڵمی ئێوە وڵات جێدەھێڵن، بەوە رازینابن ئەم دۆخە بەردەوام بێت، بەڵکو لە وڵاتانی دەرەوە تۆڕی گەورە سیاسی دژی دەسەڵاتەکەتان دروست دەکەن و رۆژێک دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی ببنە سەرکردەی راستەقینەی داھاتوو.

