کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سێ سکاڵای پارتی دژی یەکێتی بە هۆی نەبوونی بەڵگەوە و چوار سکاڵای یەکێتی دژی پارتی، کە یەکێکیان دژی فازل میرانی بوو، ڕەتکردەوە، وە ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژی تۆمارکردنی تانەکانە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن.
دوای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق و ڕاگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن، ئێستا عێراق لە قۆناغی پێش دروستبوونی حکومەتی نوێدایە و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق خەریکی دواین کارەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردنە، لە ڕاگەیاندراوێکدا کۆمسیۆن ئاماژە بە ئەنجامی کۆمەڵیک سکاڵا دەکات، کە لەلایەن دەستەی دادوەری کۆمسیۆنەوە یەکلابونەوتەوە، لە دیارترین ئەنجامەکان ڕەتکردنەوەی حەوت سکاڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستانە لە دژی یەکتر، هەروەها سزای پێبژاردن بە لیستەکان و لێسەندنەوەی مافی پەرلەمانتاری لە بەربژێرێک و سزادانی ئەو بەربژێرانەی لە کاتی بانگەشەدا پێشێلکاریان ئەنجامداوە.
بە پێی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمسیۆن، تا ئێوارەی چوار شەممە ١٣٠ تانە لە ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن دراوە و ئەمڕۆ پێنج شەممە، ٢٠ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، کۆتا ڕۆژی وەرگرتنی تانەکانە لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە.
١١ تشرینی دووەم ٢٠٢٥، هەڵبژاردن بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەچوو، لە ١٢ مانگدا ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکان لە لایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ڕاگەیاندرا، ١٧ تشرینی دووەم ٢٠٢٥ ئەنجامی کۆتایی لە لایەن کۆمسیۆنەوە بڵاوکرایەوە، و ئەو لایەنانەی تانەیان هەبوو، ئەمڕۆ دوا وادەیە بۆ تۆمارکردنی تانەکانیان، دوای یەکلاکردنەوەی تانەکان، ئەنجامی کۆتایی دەنێردرێت بۆ دادگای باڵای فیدراڵی عێراق و یەکەم ڕۆژی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە لایەن دادگاکەوە دیاری دەکرێت، کە یەکەم دانیشتن لە لایەن نوری مالیکیەوە بەڕێوەدەچێت، وەک بەتەمەنترین پەرلەمنتار.
هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
کۆمسۆنی هەڵبژاردن
پارتی دیموکراتی کوردستان
یەکێتی نیشتمانی کوردستان
